نرخی كارەبای مۆلیدە بۆ مانگی ته‌موز دیاریكرا

02.08.2021
جەماوەر نیوز
له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا قائیمقامییەتی سلێمانی بڵاویكرده‌وه‌ بۆ مانگی تەموزی 2021 نرخی پارەی مۆلیدە ئەهلییەكانی بۆ هەر ئەمپێرێك 13هەزار و 500دینار لەهاووڵاتیان وەردەگیرێت.

دەقی راگەیانراوەكەی قائیمقامییەتی سلێمانی:
نرخی سەعاتێك ئەمپێری كارەبای موەلیدە ئەھلییەكان لە ناو شاری سلێمانی بۆ مانگی تەمموز(7) دیاری كراو پێدانی كارەبای مۆلیده لەم مانگەشدا‌ (24) كاتژمێریی دەبێت و لەو ماوەیەدا هەركاتێك كارەبای نیشتیمانی ببڕێت كار بە مۆلیدەكان دەكرێت.
ئەمڕۆ دوو شەممە (2021.8.2)  لیژنەی دیاریكردنی نرخی موەلیدە ئەھلییەكانی سلێمانی نرخی كارەبای موەلیدە ئەهلییەكانی بۆ مانگی (حەوت) دیاریكرد، كەلەسەر بنەمای‌ نرخی سوتەمەنی له ‌بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان كاتژمێرەكانی كاركردن دیاریكراوە.
بەپێی كۆنووسی كۆبونەوەكە كاركردن و تەرخانكردنی كارەبا لەلایەن موەلیدە ئەهلییەكانەوە بۆ هاوڵاتیان لە مانگی (حەوت)دا لەنێوان (285) بۆ (315) سەعاتدا بووە،‌ بەمەش نرخی یەك ئەمپێڕ كارەبای موەلیدەی ئەهلی لە ناوشاری سلێمانی بۆ ئەو مانگە لە نێوان (12) دوانزە هەزار بۆ (13500) سیازدە هەزار و پێنج سەد دیناردا دەبێت‌، هەربۆیە بەهۆی جیاوازی كارپێكردنی موەلیدەكان‌ لەگەڕەكێك بۆ گەڕەكێكی دیكە، نرخی ئەمپێڕێك كارەبای موەلیدەی گەڕەكێك بۆ گەڕەكێكی دیكە جیاواز دەبێت.
‎سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامییەتی سلێمانیش رایگەیاند: لە مانگی رابردوودا ژمارەیەك مۆلیدە لە ناوشاری سلێمانی لەكاركەوتن، بەڵام ناچاركران بە دابینكردنی مۆلیدەی تر و رێگە نەدرا بۆ ماوەیەكی زۆر هاوڵاتیان بێ كارەبا‌ بن و خاوەنی ئەو مۆلیدانەش رێكاری پێویستیان بەرامبەر گیراوەتەبەر.

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ