ئه‌مڕۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم پرسی به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی به‌نزین تاوتوێده‌كات

01.09.2021
جەماوەر نیوز
ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی ئه‌یلولی 2021 ئەنجوومەنی وەزیران کۆببێتەوە بۆ باسكردن لە پرسی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، دابینکردنی نەوتی سپیی بۆ هاوڵاتیان و بەرزبوونەوەی نرخی نان و سەموون .
بەپێی راگەیێندراوی حکومەت، لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانەی خوارەوە باس دەکرێن:
یەکەم: خستنەڕووی پوختەی دەرەنجامی سەردان و کۆبوونەوەکانی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بۆ هەرێمی کوردستان. هەروەها خستنەڕووی پوختەی دەرەنجامی بەشداریکردنی شاندی هەرێمی کوردستان لە دوا گەڕی دیالۆگی ستراتیجیی نێوان کۆماری عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە لە رۆژانی 22 بۆ 28ی تەممووزی 2021 لە واشتنتن دی سی بەڕێوەچوو.
دووەم: خستنەڕووی هەنگاوەکانی هەردوو وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و دارایی و ئابووری و سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییان و کێشەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین.
سێیەم: خستنەڕووی دەرەنجامی کۆبوونەوەی وەزیرە پەیوەندیدارەکان و پارێزگار و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکان لە سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لە 29-08-2021 سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی فڕن و نانەواخانەکان و گرانبوونی نرخی نان و سەموون و ئاسانکاری و پشتیوانیی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لەو بوارەدا.

چوارەم: خستنەڕووی هەنگاوەکانی هەردوو وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ رووبەڕووبوونەوەی کێشەی دابینکردنی ئاوی پاک بۆ هاووڵاتییان.

زۆرترین خوێندراو