به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی سلێمانی داوا له‌ هاوڵاتیان ده‌كات وه‌رزش بكه‌ن

09.10.2021
جەماوەر نیوز
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی داوا لە هاووڵاتیان دەكات پشكنینی پێشوەختە بكەن تا بەدووربن لە شێرپەنجە و دەشڵێت: “بە وەرزش و دووركەوتنەوە لە جگەرە و نێرگەلە 50% ئەگەری تووشبوونت بەشێرپەنجە كەمدەبێتەوە”.
ئەمڕۆ شەممە 9ه‌ تشرینی یه‌كه‌می 2021 د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، خزمەتگوزاری تەندروستی لە سلێمانی پێشەنگە لەسەر ئاستی عیراق بەتایبەت ئەم نەخۆشخانەیە، سەرەڕای قەیرانەكانی حكومەت كەرتی تایبەت و خەمخۆرانی كەرتی تەندروستی نەیانهێشتوە لایەنی تەندروستی لەم شارە پەكی بكەوێت و خزمەتگوزاری بەباشی بەڕێوەچووە.
ڕاشیگەیاند، بەپێی قسەی پزیشكان و توێژەران، كە لێرە گوێبیستی بووین، ئەگەر هەر كەسێك بەیانیان كاتژمێرێك وەرزش بكات و خۆی لە كێشانی جگەرە و نێرگەلە بەدوور بگرێت، ئەوا بەڕێژەی 50% لە نەخۆشی شێرپەنجە پارێزراو دەبێت.
د. سەباح داواشی لە هاوولاتیان كرد، كە “پشكنینی پێشوەختە بكەن، چونكە هەتا زووتر بە نەخۆشییەكە بزانرێت ئەوا بە ئاسانی و بە تیشكێك چارەسەر دەبێت، بەڵام ئەگەر دوابخرێت ئەوا چارەسەرەكەی قورس دەبێت هەم بۆ حكومەت بە بە دەیان هەزار دۆلاری تێدەچێت و هەم بۆ هاووڵاتییەكەش، كە مەترسی بۆ سەر ژیانی دروست دەكات”.
جەختیشی كردەوە، بەنیازن پشكنینی پێشوەختە لە چەند سەنتەر و مەڵبەندێكی تەندروستی بكەنەوە تاوەكو هاووڵاتیان بەدەمییەوە بچن و زیاتر كۆنتڕۆڵی نەخۆشییەكە بكەن.

زۆرترین خوێندراو