به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی سلێمانی: ده‌رمان له‌ نه‌خۆشخانه‌كان كه‌مبووه‌ته‌وه‌

12.11.2021
جەماوەر نیوز
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستى سلێمانى هۆشدارى دەدات لە کەمبونەوەى دەرمان لە نەخۆشخانەکان.
 ئەمڕۆ هەینی د. سەباح هەورامى، بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى راگەیاند: چەند رۆژێکە وەزارەتى تەندروستیمان لە کەمبونەوەى دەرمان ئاگادار کردۆتەوە، چونکە لەئێستادا دەرمان و پێداویستى پزیشکى لە نەخۆشخانەکانى سلێمانى نزیکبۆتەوە لە تەواوبون.
جەختیشی كردەوە"لە هەفتەى داهاتوەوە نەخۆشخانەکانى سلێمانى توشى کێشەى کەمى دەرمان دەبنەوەو ئەوەش مەترسى لەسەر ژیانى هاوڵاتیان دروستدەکات."
لەبارەى هۆکارى کەمبونەوەى دەرمان و پێداویستى پزیشکى، سەباح هەورامى وتى"هۆکارەکەش ئەوەیە ئێمە بەهۆى قەیرانى داراییەوە نەمانتوانیوە شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانى دەرمان دابین بکەین کە زیاتر لە هەشت مانگە دەرمان و پێداویستى پزیشکى بۆ ئێمە دەهێنن."
هۆشداریشی دا کە کۆمپانیاکانى دەرمان بڕیاریانداوە چیتر دەرمان نەهێنن و ئەو دەرمانانەى هێناویشیان بیکشێننەوە.
بەڕێوەبەرى تەندروستى سلێمانى، داوای حکومەت و هەردو وەزارەتى تەندروستى و دارایى كرد، بەدەم چارەسەرکردنى ئەو کێشەیەوە بێن.
سەباح هەورامى ئاماژەى بەوەشکرد، کێشەى کەمبونەوەى پێداویستییەکان بریتین لە مەوادى قەستەرەو مەوادى بەنج، کە پەیوەندى راستەوخۆ و کتوپڕى بەژیانى خەڵکەوە هەیە.

زۆرترین خوێندراو