وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان ڕاگه‌یه‌نراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

27.11.2021
جەماوەر نیوز

ڕاگەیەندراوی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە بۆنەی هەوڵی ناساندنی جینۆسایدی کورد لە پەرلەمانی فەڕەنسا کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان . قوربانیانی تاوانەکانی جینۆسایدی دەستی بەعس ڕۆژی ٢٦ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١، لە دەستپێشخەرییەکی بوێرانەدا، دڵسۆزانی گەلی کوردستان لە پەرلەمانی فەڕەنسا و پاش ماوەیەکی زۆر کارکردن لەسەر تاوانەکانی ڕژێمی پێشووی بەعس دژ بە کورد، ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی فەڕەنسا پڕۆژە بڕیارێکیان بەمەبەستی ناساندنی جینۆسایدی کورد لە سەردەمی عێراقی بەعسدا بۆ دەنگدان خستەڕۆژەڤەوە و پاش گفتوگۆ لەسەر پڕۆژە بڕیارەکە، بەداخەوە دەنگی پێویستی بەدەست نەهێنا و پەسەند نەکرا. هەرچەندە بە گەڕانەوە بۆ ماددەی (٢)ی بڕیاری نەتەوەیەکگرتووەکان تایبەت بە ڕێکەوتننامەی قەدەغەکردنی تاوانی جینۆساید و سزادانی بکەرانی لە ساڵی ١٩٤٨دا و هەروەها ماددەکانی ٦ و ٧ و ٨ ی پێڕەوی بنەڕەتی ڕۆما تایبەت بە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە ساڵی ١٩٩٨دا و پاشانیش پڕۆتۆکۆلی ژنێڤی ساڵی ١٩٢٥ تایبەت بە قەدەغەکردنی بەکارهێنانی گازی ژەهراوی لە شەڕدا، تاوانەکانی ئەنفال و کیمیابارانکردن و کۆچپێکردنی زۆرە ملێ شانبەشانی چەندین تاوانی تر کە ڕژێمی بەعس دژ بە کوردی ئەنجامداوە دەچنە هەمان چوارچێوەی یاسایی نێودەوڵەتی تایبەت بە جینۆساید، بەڵام لەوەش دڵنیاین بۆ سەلماندنی ئەم تاوانانە بەتایبەتیش لە نێوەندە نێودەوڵەتییەکاندا کاتی زیاتر و هەوڵ و ماندووبوونی زۆرتری دەوێت. کارکردن بۆ ناساندنی جینۆسیادی گەلەکەمان لەلایەن پەرلەمانتارانی وڵاتێکی گەورەی وەکو فەڕەنسا هەنگاوێکی گرنگە بە ئاڕاستەی ناساندنی زۆرتری تاوانەکانی بەعس و دۆزی ڕەوای گەلی کورد لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا. بەتایبەتیش کە دەقی پڕۆژە بڕیارەکە جگە لە چوارچێوە یاساییەکەی، لەڕووی ناوەڕۆکەوە گرنگییەکی زۆری هەیە و دەکرێت وەکو بەڵگەنامەیەکی سیاسی و مێژوویی لێی بڕوانرێت و ببێتە بناغەیەک بۆ کارکردن لەسەر ناساندنی تاوانەکان لە ئایندەدا. بەناوی کەسوکاری شەهیدان و قوربانیانی جینۆسایدی کورد، ڕێز و پێزانینی زۆرمان بۆ گەل و حکومەتی فەڕەنسا کە ساڵانێکی زۆرە پشتیوانی دۆزە ڕەواکەمانن و هەروەها بۆ هەموو ئەو پەرلەمانتار کەسایەتییانەی کە لە ئامادەکردنی ئەم پڕۆژە بڕیارە گرنگە و هەوڵی ناساندنی جینۆسایدی گەلەکەمان ڕەنجیان دابوو، بەتایبەتیش بەڕێز ژان کریستۆف لاگارد سەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکرات. وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لەکاتێکدا ئەوپەڕی ئامادەیی دەردەبڕێت بۆ هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی لەگەڵ پەرلەمان و ڕێکخراو و کەسایەتی و ناوەندە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و ڕەوەندی کوردی لە دەرەوەی وڵات بەمەبەستی زیاتر ناساندنی جینۆسایدی گەلەکەمان، لە هەمان کاتدا داوا دەکات پەسەندنەکردنی ئەم یان ئەو پڕۆژە بڕیار لە هەوڵی بەردەوامی ناساندنی تاوانەکان و جینۆسایدی کورد ساردمان نەکاتەوە.

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان

٢٧/١١/٢٠٢١



















اكتب إلى Adil Mala Salih
Aa


زۆرترین خوێندراو