تابلۆی ئۆتۆمبێل له‌ هه‌رێم و عێراق یەکده‌خرێت

03.01.2022
جەماوەر نیوز
وتەبێژی هاتووچۆی گشتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پڕۆژەی یەکخستنی تابلۆی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان و عێراق چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و سەرەتا لە تابلۆی ئۆتۆمبێلی ژمارە کاتییەوە دەستیپێکردووە. دەشڵێت، "پاش ماوەیەکی دیکە دەست بە گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکانی دیکە دەکرێت و بڕی 30 هەزار دینار بۆ هەر تابلۆیەک وەردەگیرێت".
ئەمڕۆ دووشەممە 03-01-2022، عەمید ئەسعەد کەریم، وتەبێژی هاتووچۆی گشتیی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە وردەکاریی تابلۆ نوێیەکە راگەیاند، بڕیارەکە لە دوێنێوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و ژمارە کاتییەکان و ژمارەکانی دیکەی هەمیشەیی لە سەرتاسەری عێراق یەکدەبێت و یەک دیزاین دەبێت کە جیاوازە لەوانەی پێشوو، تەنیا ئەوەی هەرێمی کوردستان فسفۆڕێکی هاتووچۆی گشتیی هەرێمی کوردستانی تێدا دەبێت لەگەڵ پیتی KR کە ئاماژەیە بۆ هەرێمی کوردستان، هەروەها هەر پارێزگایەک ژمارەیەکی هەیە.
وتەبێژی هاتووچۆی گشتی دەشڵێت، ژمارە کاتییەکەی ئێستا بەپێی سیستەمی نوێی یەکخراو دەدرێت، تابلۆیەکی رەنگی سپییە و بە رەنگی سوور لەسەری نووسراوە، سێ ژمارەی تێدایە، یەکێکیان ساڵەکەیەتی، دووەمیشیان ژمارەی پارێزگاکەیە و لە ژێرەوەشیان ژمارەی ئۆتۆمبێلەکە دەنووسرێت، بەگشتی تابلۆیەکە پانییەکەی 16 سانتیمەتر و درێژییەکەی 32 سانتیمەتر دەبێت، ژمارەی پارێزگاکانیش جیاوازە بە نموونە پارێزگای هەولێر ژمارە 22ی هەیە، پارێزگای سلێمانی ژمارە 21، پارێزگای هەڵەبجە ژمارە 23، پارێزگای دهۆک ژمارە 24ـی دەبێت.
لەبارەی دروستکردنی تابلۆکانەوە، عەمید ئەسعەد کەریم دەڵێت، "رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەڵمانی کراوە بۆ دروستکردنی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان لە عێراق، کۆمپانیاکە لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان رێککەوتنی کردووە و لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجەش کارگەکە بۆ دروستکردنی ژمارە دادەمەزرێنێت".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا، "تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان ئەوانەی ژمارەی هەمیشەییان هەیە دەگۆڕدرێت کە بەپێی ئەوەی رێککەوتنی لەبارەوە کراوە بۆ هەر تابلۆیەک بڕی 30 هەزار دینار وەردەگیرێت، رەنگی تابلۆی جۆری ئۆتۆمبێلەکان جیاواز دەبێت، ئوتۆمبێلی تایبەت رەنگی سپی دەبێت، ئۆتۆمبێلی میری رەنگی شین دەبێت، تەکسی رەنگی سوور دەبێت، بارهەڵگریش زەرد دەبێت، رەنگەکانیش ئەو شوێنەی ناو تابلۆکە دەبێت کە شوێنی ناوی عێراق و کوردستانەکەی تێدا نووسراوە کە (IRAQ  KR)ە".

زۆرترین خوێندراو