لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا ژماره‌یه‌ك بڕیار دەردەکات

04.01.2022
جەماوەر نیوز
لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا شەش بڕیار بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە دەردەکات و رایدەگەیێنێت، پێویستە هاونیشتمانیان لە شوێنە گشتییە داخراوەکان دەمامک ببەستن و مەودای مەتر و نیوێک دووری بپارێزن. ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە مانگی داهاتووەوە بەبێ وەرگرتنی ڤاکسین یاخود پشکنینی کۆرۆنا نابێت خەڵک بچنە نێو فەرمانگە حکومییەکان و شوێنە گشتییەکان.
ئەمڕۆ سێشەممە 4ی كانونی دووه‌می 2022 لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بە سەرپەرشتیی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، لە دوای پێشکێشكردنی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی، شەش بڕیار دران.
بەپێی راگەیێندراوی لیژنەکە، بڕیار دراوە "گشت هاووڵاتییان (ئەوانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە یان وەرنەگرتووه) له هەموو شوێنه گشتییە داخراوەکانی وەك (فەرمانگه حكومییەکان، مارکێت، رێستۆرانت، شوێنه بازرگانییەكان، کۆمپانیاکان و شوێنەکانی دیکەی کەرتی تایبەت) پابەندبن بە بەستنى ماسك و مەودای یەک مەتر و نیو نێوانیان بپارێزن".
هەروەها بڕیاردراوە، له دوای 01-02-2022 رێگە بە هیچ کەسێک نەدرێت سەردانی شوێنە گشتییەکان بکات، ئەگەر کارتی ڤاکسین یان تێستی کۆرۆنای پێ نەبێت تێستەکەش نابێت 48 کاژێری بەسەردا تێپەڕبووبێت. شوێنه گشتییەكانیش ئەمانە دەگرێتەوە: (فەرمانگە حكومییەکان، مارکێت، رێستۆرانت، شوێنه بازرگانییەکان، کۆمپانیاکان و هۆڵی بۆنەكان) بکات.
یەکێکی دیکە لە بڕیارەکان لەبارەی وەرگرتنی ڤاکسینەوەیە و بڕیاردراوە، ماوەی وەرگرتنی ڤاکسین لەلایەن گشت فەرمانبەرانی حکومەت تاوەکو 20-01-2022 درێژبکرێتەوە و هەردوو راژەی شارستانی و سەربازی بگرێتەوە. هەر فەرمانبەرێکیش پابەند نەبێت ئەوا بەپێی یاسای تەندروستیی گشتی و بەرزەفتی فەرمانبەران مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
لەبارەی خاڵە سنوورییەکانەوە بڕیاردرا پشکنینی كۆرۆنا بۆ هەموو ئەو گەشتیارانە بکرێت کە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، تەنانەت ئەوانەش کە کارتی ڤاکسینیان هەیە، جگە لەوانەی که تێستی کۆرۆنای پێش 48 کاژێریان پێ بێت.
لیژنەی باڵا بڕیاری دا کە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ یەکە کارگێڕییەکان لە رۆژانی داهاتوودا رێنوێنیی تایبەت لەسەر پرسەدانان دەربکات.
هەروەها پێویستە گرووپە گەشتیارییەکان پێش 48 کاژێر لە گەشتەکەیان تێستی کۆرۆنایان کردبێت یان کارتی ڤاکسینیان هەبێت.

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ