وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ لیژنه‌یه‌ك له‌باره‌ی دانانی مامۆستایانی وانه‌بێژ پێكده‌هێنێت

15.01.2022
جەماوەر نیوز

وەزیری پەروەردە وردەکاریی ئامانجی ئەو لیژنەیه ئاشکرا دەکات، کە بۆ مامۆستایانی وانەبێژ و شایستە داراییەکانیان پێکیهێناوە.
وەزیری پەروەردە، ڕۆژی ۱۲ی۱ی۲۰۲۲ فەرمانێکی دەرکردووە و لیژنەیەکی بۆ پرسی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو و شایستە داراییەکان و جێبەجێکردنی ڕێنوێنییەکان پێک هێناوە.
لیژنەکە بۆیان هەیه بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، سەردانی قوتابخانە و پەروەردەی قەزاکان بکەن و ڕاپۆرت ئامادە بکەن.
د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: "مەبەست لەو فەرمانە چەند خاڵێکە، ئایا دانانی وانەبێژانی دانەمەزراو بەگوێرەی رێنوێنیی دارایی ژمارە ١٤ی ساڵی ٢٠٢١ ئەنجام دراوە؟ ئایا رەچاوی گشتاندنی وەزارەت کراوە بە ژمارە ٢٠١٠٧ لە ١ی ١١ی ٢٠٢؟ ئایا قوتابخانە و پەروەردەی قەزاکان کاری پێویستیان بەگوێرەی ناوەرۆکی رێنمایی دارایی ژمارە ١٤ و گشتاندنی ئاماژەپێکراو ئەنجام داوە؟".
ئاماژەی بەوەش دا، ئەو لیژنەیە بە بەردەوامی سەردانی باخچە و قوتابخانەکان و پەروەردەی قەزاکان دەکات، بەمەبەستی دڵنیابوونەوە لە باش جێبەجێکردنی رێنوێنییەکان وەکو خۆی، لیژنەکە بەردەوام دەبێت و کاتیی نییە، گوتیشی: "لیژنەکە خۆیان سەردان دەکەن و کۆنووس دەنووسن، هەر سەرپێچییەک هەبێت لە هەر ئاستێکدا، دەسەڵات دراوەتە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی ئامادەیی و بنەڕەتی و پەیمانگاکان لەناو وەزارەت، راستەوخۆ رێککاری پێویست وەربگرن".
ئالان حەمە سەعید، جەختیشی کردەوە، لیژنەکە هەفتانە چەندین سەردان دەکەن و لە هەفتەی ئایندەوە دەستبەکار دەبن، گوتیشی: "وردبینیی خشتەی بەشە وانەکان دەکەن و دروستیی داتای وانەبێژانی دانەمەزراو لە سیستمی (ُE - پەروەردە) دەپرسنەوە و سەیری سیستەم دەکەن، لەهەمان کاتدا لەوە دەپرسنەوە، کە ئایا لیستی شایستەی وانەبێژانی دانەمەزراو لە کاتی خۆیدا لەلایەن باخچە و قوتابخانە و پەروەردەی قەزاکان ئامادە کراون هەروەها وردبینیی دەکەن بۆ ئەو لیستانە لەسەر ئاستی باخچە و قوتابخانە و پەروەردەی قەزاکان و بوونی فەرمانی کارگێڕی و دۆسیەی وانەبێژان".
ڕوونیشی کردەوە، وەزارەتی پەروەردە رەچاوی شۆڕکردنەوەی زۆرترین دەسەڵاتی کردووە بۆ دامەزراوە پەروەردەییەکان لە پارێزگاکان و قەزاکان، مافی وردترین چاودێریشی هەیە، گوتیشی: "لە روانگەی شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتی زۆر بۆ دامەزراوە پەروەردەییەکان و چاودێریی ورد و چڕ لەبارەی شێوازی پراکتیزەکردنی دەسەڵاتەکان لیژنەكە كاری خۆی دەكات

زۆرترین خوێندراو