عامری سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

13.06.2022
جەماوەر نیوز
ئەندامێکى ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق لە فراکسیۆنى هاوپەیمانى فەتح رایگەیاند هادى عامرى، سەرۆکى ئەو هاوپەیمانێتییە لەبەر دۆخێکى تایبەت سەردانێکى چاوەڕوانکراوى لە 11ـى حوزەیران بۆ هەرێمى کوردستان دواخستووە، بەڵام لە ماوەى دوو هەفتەى داهاتوودا ئەو سەردانە دەکات و وەک نوێنەرى چوارچێوەى هاوئاهەنگى لەگەڵ پارتى دیموکراتى کوردستان کۆدەبێتەوە. 
سوهەیلە سوڵتانى، ئەندامى ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق لە فراکسیۆنى هاوپەیمانى فەتح راگەیاند، هادى عامرى، سەرۆکى هاوپەیمانێتییەکەى بڕیاربووە 11ـى حوزەیرانى 2022، سەردانى هەرێمى کووردستان بکات، بەڵام لەبەر چەند هۆیەکى تایبەت ئەو سەردانەى دواخستووە و وتیشى، "لە ماوەى دوو هەفتەى داهاتوودا ئەو سەردانە دەکات." 
هادى عامرى، سەرۆکى هاوپەیمانى فەتح خاوەنى 18 کورسی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقە، یەکێکە لە سەرکردەکانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى کە زۆرینەى لایەنە شیعەکان لەخۆدەگرێت.
سوهەیلە سوڵتانى رایگەیاند، هادى عامرى وەک نوێنەرى چواچێوەى هاوئاهەنگى سەردانى هەرێمى کوردستان دەکات و لەگەڵ پارتى دیموکراتى کوردستان کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنى دەستپێشخەریی هاوپەیمانێتییەکەى لەبارەى پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراق و دەرچوون لە چەقبەستوویی سیاسى.

زۆرترین خوێندراو