عه‌بدوڵڵا حاجی مه‌حمود: هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وامه‌ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ زێدی خۆیان

03.08.2022
جەماوەر نیوز
ئەمڕۆ چوارشەممە  ۳ ی ئابی ۲۰۲۲ بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و عه‌بدوڵڵا حاجی مه‌حمود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و ئەنجومەنی ڕۆحانی و کەسوکاری قوربانیانی ئێزدییەکان، هەشتەمین ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی لە قەزای سیمێلی پارێزگای دهۆک ئەنجامدرا. ڕێوڕەسمەکە کە ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و پەرلەمانتاران و کۆنسوڵ و نوێنەری وڵاتان و بەرپرسانی حکومی و حزبی ئامادەیبوون بەچەند چرکەیەک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە قوربانییان دەستیپێکرد.
دواتر عه‌بدوڵڵا حاجی مه‌حمود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ووتاری وەزارەتی پێشکەشکرد ، لەسەرەتای وتارەکەیدا بەناوی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەخێرهاتنی سەرجەم ئامادەبووانی مەراسیمەکەی کرد و ڕایگەیاند کە سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان بە بڕیاری ژمارە ۱۱ ی ساڵی ۲۰۱۹ بڕیاریاندا بە دیاریکردنی ڕۆژی ۳ی ئابی هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی جینۆسایدی ئێزدیێەکان کە تیایدا هاتووە ( ئەو کوشتار و کۆمەڵکوژییەی کە دەرهەق بە ئێزدییەکان کرا لە ناوچەکوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە لایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بە داعش ئەنجامدرا ، خەسڵەتی تاوانەکانی جینۆساید و تاوانی دژبە مرۆڤایەتی لە خۆدەگرن کە تاوانی نێودەوڵەتین و دەسەڵاتە دەستورییەکانی حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ بەرپرسیارێتی قەرەبوو و دابینکردنی ماف و ئیمتیازاتی قوربانییان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە لە ئەستۆ دەگرن).
وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ووتارەکەیدا هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد کە کوردانی ئێزدی پێکهاتەیەکی ڕەسەنی کوردستانن و بە درێژایی مێژوو ڕووەڕووی چەندین فەرمان و مەرگەسات بونەتەوە کە یەکێک لە دڕندانەترینیان هێرش و پەلاماری تیرۆریستانی داعش بوو.
عه‌بدوڵڵا حاجی مه‌حمود وتیشی لەم یادە کارەسات بارەدا هەوڵەکانمان بەردەوام دەبێت بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراقی فیدراڵ بۆ ئاسایى کردنەوەى بارودۆخى ناوچەکە و ئاوه‌دان کردنه‌وه‌ى شه‌نگال و ده‌وروبه‌رى و گه‌رانه‌وه‌ى ئاواره‌کان بۆ زێدی خۆیان.

زۆرترین خوێندراو