وه‌زاره‌تی دارایی ژماره‌یه‌ك بڕیار ده‌رده‌كات

25.01.2023
جەماوەر نیوز

وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هەرێمی کوردستان رایگەیاند بۆ ساڵی 2023 وەزارەت بەردەوام دەبێت لە خەرجکردنی پێشینەی مانگانەی وەزارەت و فەرمانگەکان لەسەر داهاتی خودی فەرمانگەکان، هەمو پڕۆژە و پێداویستییەکانیش دەبێت پێشوتر لەرێگەی سیستمی ئەلیکترۆنی بەڕێوەبردنی دارایی کوردستان (KFMS) پێشکەش بکرێن و بە قۆناغەکانی ئاگادارکردنەوە و تەندەرینگدا بڕۆن، بەپێچەوانەوە هیچ خەرجییەک لە ئەستۆ ناگرن.

بەگوێرەی نوسراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابوری کە دەرچوە و ئاڕاستەی گشت وەزارەت و دەستە سەربەخۆکان کراوە ئاماژە بەوەشکراوە، بەردەوام دەبن لە خەرجکردنی مینحەی مانگانەی فەرمانگە و وەزارەتەکان، کرێی ئاو، کارەبا و تەلەفۆنی فەرمانگەکان، کەلوپەلی زۆر پێویست و گرنگ بەرەچاوکردنی رێنماییەکانی ژمارە 17ی ساڵی 2021.

ئەوەش هاتوە، پارەی مانگانەی پاککردنەوە، خواردنی نەخۆشخانە و بەندییەکان، خاوێنکردنەوەی شار و شارۆچکەکان، فڕۆکەخانە و کرێی خانو و باڵەخانەکان خەرج دەکرێت، هەمو جۆرە پاداشت و هاوکارییەکیش رادەگیرێت جگە لەو پارەیەی کە بەیاسا لەبەردەستی وزیرەکان دایە.

وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەر پڕۆژەیەکی وەک خواردن، پاکردنەوە، گواستنەوە و چاککردنەوە دەبێت پێشتر لە سیستمی ئەلیکترۆنی بەڕێوەبردنی دارایی کوردستان (KFMS) پێشکەش بکرێت و تەندەرینگی بۆ بکرێت، بەپێچەوانەوە وەزارەت دابینکردنی دارایی پڕۆژەکە لە ئەستۆ ناگرێت، هەروەها لەدەرەوەی پێشینەی مانگانە، وەزارەتی دارایی هیچ خەرجییەکی دیکە لە ئەستۆ ناگرێت، لە خاڵێکی دیکەشدا هاتوە بەگوێرەی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران نابێت هیچ فەرمانبەرێک شاند و سەفەری دەرەوەی وڵات بکات.

 


زۆرترین خوێندراو