ئێران و سعوودیه‌ په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌کانیان ده‌ست پێده‌که‌نه‌وه‌

11.03.2023
جەماوەر نیوز
کۆمارى ئیسلامى ئێران و سعوودیه‌ ڕێکه‌وتوون که‌ تا دوو مانگى دیکه‌ په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌کانى نێوانیان ده‌ست پێبکه‌نه‌وه‌ و باڵیۆزخانه‌ و نوێنه‌رایه‌تییه‌کانیان بکه‌نه‌وه‌.
 

پاش سه‌ردانه‌که‌ى ئه‌م دواییه‌ى ڕه‌ئیسى سه‌رۆک کۆمارى ئیسلامى ئێران بۆ په‌کین، عه‌لى شه‌مخانى ڕاوێژکارى ئاسایشى نیشتمانى ئێران له‌ ڕۆژى دووشه‌ممه‌ 6 ى ئازارى 2023 له‌ پایته‌ختى چین و به‌ ئامانجى به‌دواداچوون بۆ ڕێکه‌وتنه‌کانى سه‌ردانه‌که‌ى سه‌رۆک کۆمار، دانوستانێکى چڕى بۆ چاره‌سه‌رکردنى بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان له‌ نێوان تاران و ڕیاز له‌ گه‌ڵ هاوتا سعوودییه‌که‌ى ده‌ستپێکرد.

له‌ کۆتایى دانوستانه‌کان، ئه‌مڕۆ 10 ى ئازارى 2023 به‌یاننامه‌یه‌کى سێقۆڵى له‌ په‌کین به‌ واژۆى عه‌لى شه‌مخانى ڕاوێژکارى ئاسایشى نیشتمانى ئێران، موساعد بن محه‌ممه‌د عیبان ڕاوێژکارى ئاسایشى نیشتمانى سعوودیه‌ و وانگ یى سه‌رۆکى لێژنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ و ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى حکومى کۆمارى چین بڵاو کرایه‌وه‌.

له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا هاتووه‌: له‌ وه‌ڵامى ده‌ستپێشخه‌رییه‌که‌ى به‌ڕێز شى جین پینگ سه‌رۆک کۆمارى چین بۆ پاڵپشتیکردنى په‌یوه‌ندییه‌کانى کۆمارى ئیسلامى ئێران و پاشایه‌تى سعوودیه‌، به‌ پێى خواستى هه‌ر دوو وڵات بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌ و ناکۆکییه‌کان، شانده‌کانى کۆمارى ئیسلامى ئێران به‌ سه‌رۆکایه‌تى عه‌لى شه‌مخانى و پاشایه‌تى سعوودیه‌ به‌ سه‌رۆکایه‌تى موساعد بن محه‌ممه‌د عیبان له‌ به‌روارى 6 تا 10 ى ئازار له‌ په‌کین کۆبوونه‌وه‌ و وتووێژیان کرد.

له‌ درێژه‌ى به‌یاننامه‌که‌دا هاتووه‌: کۆمارى ئیسلامى ئێران و پاشایه‌تى سعوودیه‌ وێڕاى قه‌درزانى و پێزانین به‌رامبه‌ر به‌ هه‌وڵه‌کانى عومان و عێراق و نێوه‌ندگێڕى نێوان تاران و ڕیاز، ده‌ستخۆشى له‌ هه‌وڵه‌کانى کۆمارى چین بۆ به‌ڕێوه‌چوونى وتووێژه‌کان له‌م وڵاته‌ ده‌که‌ن.

به‌یاننامه‌که‌ ڕایگه‌یاندووه‌ که‌ هه‌ر دوو وڵاتى ئێران و سعوودیه‌ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ڕێکه‌وتوون که‌ تا دوو مانگى داهاتوو په‌یوه‌ندییه‌کانیان ئاسایى بکه‌نه‌وه‌ و باڵیۆزخانه‌کان و نوێنه‌رایه‌تییه‌کانى خۆیان له‌ هه‌ر دوو وڵات بکه‌نه‌وه‌.

به‌یاننامه‌ هاوبه‌شه‌که‌ى ئێران، سعوودیه‌ و چین ڕایگه‌یاندووه‌ که‌ وه‌زیرانى ده‌ره‌وه‌ى ئێران و سعوودیه‌ بۆ جێبه‌جێکردنى ئه‌م ڕێکه‌وتنه‌ و دابینکردنى به‌ستێنى ئاڵوگۆڕى باڵیۆزه‌کان کۆده‌بنه‌وه‌.

له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا هاتووه‌ که‌ هه‌ر دوو وڵات به‌ جه‌ختکردنه‌وه‌ له‌ ڕێزگرتن و سه‌روه‌رى و نه‌بوونى ده‌ستێوه‌ردان له‌ کاروبارى ناوخۆیى یه‌کتر له‌ سه‌ر جێبه‌جێکردنى ڕێکه‌وتنى هاوکارییه‌ ئه‌منییه‌ واژۆکراوه‌که‌ى ساڵى 2001 و هه‌روه‌ها ڕێکه‌وتنى هاوکارییه‌ گشتییه‌کانى ساڵى 1998 ڕێکه‌وتوون.

هه‌ر سێ وڵاتى ئێران، سعوودیه‌ و چین ئیراده‌ى خۆیان له‌ پێناو وه‌گه‌ڕخستنى هه‌وڵه‌کان بۆ پته‌وکردنى ئاشتى و ئاسایشى ناوچه‌یى و نێوده‌وڵه‌تى به‌کار دێنن.






جام کوردى 


زۆرترین خوێندراو