گه‌ڕى دووه‌مى هه‌ڵبژاردنى سه‌رکۆمارى تورکیا به‌ڕێوه‌بچێت

16.05.2023
جەماوەر نیوز
سه‌رۆکى دامه‌زراوه‌ى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌کانى تورکیا، ئه‌حمه‌د یه‌نه‌ر ئاماژه‌ى به‌وه‌ کرد که‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانى سه‌رکۆماردا که‌ دوێنێ به‌ڕێوه‌چوو هیچ کام له‌ کاندیده‌کان ده‌نگى پێویستیان به‌ده‌ستنه‌هێناوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ به‌پێى ئه‌و به‌رواره‌ى پێشتر راگه‌یه‌ندراوه‌، بڕیاردراوه‌ رۆژى یه‌کشه‌ممه‌ ٢٨ى ئایارى ٢٠٢٣ گه‌ڕى دووه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌که‌ به‌ڕێوه‌بچێت.

ئه‌حمه‌د یه‌نه‌ر له‌ کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانییدا که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانى دامه‌زراوه‌که‌ ئه‌نجامى دا، روونکردنه‌وه‌ى دا سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌ى دوێنێى سه‌رکۆمار و خولى ٢٨مین په‌رله‌مانى تورکیا.

سه‌رۆکى دامه‌زراوه‌ى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌کانى تورکیا، ئه‌حمه‌د یه‌نه‌ر سه‌ره‌خۆشى خۆى له‌باره‌ى گیانله‌ده‌ستدانى کارمه‌ندێکى سه‌ر سندوقه‌کانى ده‌نگدان و دوو ده‌نگده‌ر له‌ کاتى ده‌نگدانه‌که‌دا به‌هۆى نه‌خۆشییه‌وه‌ راگه‌یاند.

ئه‌حمه‌د یه‌نه‌ر سوپاسى هه‌موو کارمه‌ندانى دامه‌زراوه‌که‌ و کارمه‌ندانى سه‌ر سندوقه‌کانى ده‌نگدانى کرد که‌ له‌ پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردندا زۆر ماندووبوون و قۆناغێکى قورسیان به‌ڕێکردووه‌.

سه‌رۆکى دامه‌زراوه‌ى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌کانى تورکیا ئه‌و داتایانه‌ى بڵاوکرده‌وه‌ که‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ده‌ست دامه‌زراوه‌که‌ و باسى له‌وه‌ کرد که‌ تا کاتژمێر ١٥:١٥ى هه‌مان رۆژ، سه‌دا ١٠٠ى سندوقه‌کانى ده‌نگدانى ناوخۆى وڵات کراونه‌ته‌وه‌ و رێژه‌ى به‌شدارى له‌ ناوخۆى وڵات سه‌دا ٨٨،٩٢ بووه‌.

ئه‌حمه‌د یه‌نه‌ر باسى له‌وه‌ کرد که‌ رێژه‌ى به‌شدارى له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات له‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌دا سه‌دا ٥٢،٦٩ بووه‌ و ٣٥ هه‌زار و ٨٧٤ ده‌نگى ده‌ره‌وه‌ى وڵات هه‌ن که‌ تۆمارکردنیان به‌رده‌وامه‌.

سه‌رۆکى دامه‌زراوه‌ى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌کانى تورکیا، ئه‌حمه‌د یه‌نه‌ر سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌کانى هه‌ڵبژاردنه‌که‌، وتی: "به‌پێى ئه‌نجامه‌ کاتى و یه‌کلایینه‌بووه‌وه‌کان به‌ڕێز ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له‌سه‌دا ٤٩،٥١؛ به‌ڕێز که‌مال کڵچدارئۆغڵو له‌سه‌دا ٤٤،٨٨؛ سینان ئۆغان له‌سه‌دا ٥،١٧ و موحه‌ڕه‌م ئینجه‌ له‌سه‌دا ٠،٤٤ ده‌نگه‌کانیان به‌ ده‌ست هێناوه‌.

دواى ئه‌و ده‌نگانه‌ى تا کاتژمێر ١٥:١٥ له‌نێو سیسته‌مدا تۆمار کران ده‌رکه‌وتووه‌ ئه‌گه‌ر ته‌واوى ئه‌و ٣٥ هه‌زار و ٨٧٤ ده‌نگه‌ى به‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان دراون په‌سه‌ند بکرێن رێژه‌ى ده‌نگه‌کانى ئه‌و ده‌بن به‌ له‌سه‌دا ٤٩،٥٤ و به‌ هه‌مان شێوه‌ ئه‌گه‌ر ته‌واوى ئه‌و ٣٥ هه‌زار و ٨٧٤ ده‌نگه‌ى به‌ به‌ڕێز که‌مال کڵچدارئۆغڵو دراون په‌سه‌ند بکرێن رێژه‌ى ده‌نگه‌کانى ئه‌و ده‌بن به‌ له‌سه‌دا ٤٤،٩٢.

به‌م جۆره‌ به‌پێى مادده‌ى چواره‌مى یاساى ژماره‌ى ٦٢٧١ هیچ به‌ربژێرێک نه‌یتوانیووه‌ رێژه‌ى پێویست به‌ ده‌ست بهێنێت بۆ سه‌رکه‌وتن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌که‌دا و وه‌ک ئه‌وه‌ى پێشتر رێککه‌وته‌که‌ى راگه‌یه‌ندرابوو دامه‌زراوه‌که‌مان بڕیارى دا گه‌ڕى دووه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌که‌ له‌ ٢٨ى ئایارى ٢٠٢٣دا ئه‌نجام بدرێت".

سه‌رۆکى دامه‌زراوه‌ى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌کانى تورکیا، ئه‌حمه‌د یه‌نه‌ر هیواى خواست گه‌ڕى دووه‌مى هه‌ڵبژاردنى سه‌ر کۆمار ببێته‌ مایه‌ى خێروخۆشى بۆ گه‌لى تورکیا، به‌ربژێرانى سه‌رۆکایه‌تى و پارته‌ سیاسییه‌کان.

- "ئه‌نجامه‌ یه‌کلاییبووه‌کان له‌ ١٩ى ئایار راده‌گه‌یه‌ندرێن"

سه‌رۆکى دامه‌زراوه‌ى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌کانى تورکیا، ئه‌حمه‌د یه‌نه‌ر که‌ زانیارى دا له‌باره‌ى گه‌ڕى دووه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌کانى سه‌رۆکایه‌تى کۆمار که‌ یه‌که‌م جاره‌ له‌ تورکیا ئه‌نجام ده‌درێت، وتی: "دواى راگه‌یاندنى لیستى به‌ربژێرانى کاتی، به‌پێى یاساى ژماره‌ ٦٢٧١ى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆکایه‌تى کۆمار پرۆسه‌ى له‌ جێگادانانى به‌ربژێرى کاتى دیارى ده‌کرێت".

ئه‌حمه‌د یه‌نه‌ر هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا که‌ دامه‌زراوه‌ى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌ تورکیا بڕیارى داوه‌ ئه‌گه‌ر بێت و هه‌ریه‌کێک له‌ دوو به‌ربژێره‌که‌ له‌ به‌ربژێربوونى خۆیان بکشێنه‌وه‌، ئه‌و کاته‌ى که‌ له‌ ساڵنامه‌ى هه‌ڵبژاردندا راگه‌یه‌ندرابوو له‌ کاتژمێر ١٧:٠٠ ه‌وه‌ بۆ ٢٠:٠٠ درێژ ده‌کرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌ربژێرى داهاتوو بتوانێت داواکاریى پێشکه‌ش بکات.

سه‌رۆکى دامه‌زراوه‌ى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌ تورکیا، ئه‌حمه‌د یه‌نه‌ر روونیشى کرده‌وه‌ که‌ له‌ پسووله‌ى ده‌نگداندا هیچ گۆڕانکارییه‌ک له‌ ریزبه‌ندیى دوو به‌ربژێره‌که‌ روونادات و رایگه‌یاند که‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له‌ ریزبه‌ندى یه‌که‌مدا ده‌بێت و به‌ربژێرى هاوپه‌یمانى میلله‌ت، که‌مال کڵچدارئۆغڵو له‌ ریزبه‌ندى دووه‌مدا ده‌بێت.

ئه‌حمه‌د یه‌نه‌ر ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا، به‌پێى یاساى ژماره‌ ٦٢٧١ ماوه‌ى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن ده‌ستى پێ کردووه‌ و واده‌ى بڕیاردانى کۆتایى بۆ ئه‌و په‌ڵپانه‌ى که‌ ئاراسته‌ى ده‌سته‌ى هه‌ڵبژاردنى پارێزگا و قه‌زاکان کراوه‌ به‌پێى یاساى ژماره‌ ٢٩٨، ١٨ى ئایاره‌ و دواى ئه‌وه‌ له‌ ١٩ى ئایار ئه‌نجامى کۆتایى راده‌گه‌یه‌نرێت.

سه‌رۆکى دامه‌زراوه‌ى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌کانى تورکیا، ئه‌حمه‌د یه‌نه‌ر روونیشى کرده‌وه‌ که‌ دواى راگه‌یاندنى ئه‌نجامى کۆتایی، پرۆسه‌ى ده‌نگدان له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات له‌ ٢٠ى ئایار ده‌ست پێ ده‌کات و وتی: "رۆژى یه‌کشه‌ممه‌ش ٢٨ى ئایار له‌ تورکیا ئه‌نجام ده‌درێت، له‌م ماوه‌یه‌دا وه‌ک ئه‌وه‌ى له‌ خولى یه‌که‌مى ده‌نگداندا ئه‌نجام درا، تیروپشک ده‌کرێت بۆ بانگه‌شه‌کانى به‌ربژێره‌کان که‌ له‌ رادیۆ و ته‌له‌ڤیزیۆنه‌کان په‌خش ده‌کرێن. خوازیارین خولى دووه‌مى هه‌ڵبژاردنى سه‌رکۆمار که‌ له‌ ٢٨ى ئایار له‌ تورکیا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، ببێته‌ مایه‌ى خێر و خۆشى بۆ دیموکراسى و گه‌لى تورکیا، به‌ربژێره‌کانمان و پارته‌ سیاسییه‌کانمان".


ئانادۆڵ 


زۆرترین خوێندراو