به‌نداوى گۆمه‌سپان وه‌ک سێیه‌م گه‌وره‌ترین به‌نداو له‌ هه‌رێمى کوردستان ته‌واو ده‌کرێت

23.05.2023
جەماوەر نیوز
دروستکردنى به‌نداوى گۆمه‌سپان له‌ سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر، ٥٠٪ـى جێبه‌جێ کراوه‌ و به‌ ته‌واوبوونیشی، ده‌بێته‌ گه‌وره‌ترین به‌نداو له‌ سنوورى پارێزگاکه‌ و له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمى کوردستانیش دواى به‌نداوى دوکان و ده‌ربه‌ندیخان سێیه‌م گه‌وره‌ترین به‌نداو ده‌بێت.

عه‌بدوڵڵا حه‌مه‌د گه‌ردی، به‌ڕێوه‌به‌رى کۆمپانیاى جێبه‌جێکارى پرۆژه‌که‌، به‌ فه‌رمانگه‌ى میدیا و زانیاریى ڕاگه‌یاند: "تێچووى دروستکردنى ئه‌و به‌نداوه‌ ٩٥ ملیار دیناره‌، به‌رزییه‌که‌ى ٧٠ مه‌تر و درێژییه‌که‌شى ٥١٢ مه‌تره‌، ئێستا ٥٠٪ـى کاره‌کانى ته‌واو بووه‌ و کارکردنیش تێیدا به‌رده‌وامه‌".

ئه‌و به‌نداوه‌ ده‌توانێت ١١٥ ملیۆن مه‌تر سێجا باراناو کۆ بکاته‌وه‌، یه‌که‌مجاریشه‌ له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمى کوردستان و عێراق، کۆنکرێتى جۆرى ئارسیسى له‌ پرۆژه‌ى دروستکردنى به‌نداودا به‌کار ده‌هێرێت.

عه‌بدوڵڵا حه‌مه‌د گه‌ردی، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش کرد "به‌نداوى گۆمه‌سپان به‌ ته‌واوبوونی، ده‌بێته‌ سێیه‌م گه‌وره‌ترین به‌نداو له‌ هه‌رێمى کوردستان و ڕووبه‌ره‌که‌ى ٦ ملیۆن ١٢٥ هه‌زار مه‌تر دووجا ده‌بێت".

شه‌و و ڕۆژ کار بۆ دروستکردنى ئه‌م به‌نداوه‌ ده‌کرێت و به‌ ته‌واوبوونیشى ڕۆڵى له‌ پاراستنى سامانى ئاو و به‌رزکردنه‌وه‌ى ئاستى ئاوى ژێرزه‌وى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى وشکه‌ساڵى ده‌بێت؛ هه‌روه‌ها ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌یه‌کى گرنگى دابینکردنى ئاوى پاک بۆ هه‌ولێر و که‌رتى گه‌شتیاریى ناوچه‌که‌ ده‌بووژێنێته‌وه‌.


زۆرترین خوێندراو