له‌ به‌ندیخانه‌یه‌کى تاجیکستان 32 که‌س ده‌کوژرێن

20.05.2019
جەماوەر نیوز
ده‌سه‌ڵاتدارانى تاجیکستان ده‌ڵێن له‌ یاخیبوونێکى کۆنه‌ ئه‌ندامانى داعشدا له‌ ناو به‌ندیخانه‌یه‌کى نزیک دوشه‌نبه‌ى پایته‌خت 32 که‌س کوژراون.

وه‌زاره‌تى دادى تاجیکستان ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌کدا ڕایگه‌یاند له‌ کاتژمێر 9:30 ى شه‌وى یه‌کشه‌ممه‌ یاخیبوونه‌که‌ ده‌ستیپـێکرد له‌ نێو به‌ندیخانه‌ى شارى وه‌حده‌ت که‌ نزیکه‌ى 17 کیلۆمه‌تر له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى پایته‌خته‌وه‌ دوره‌.

وتیشى زیندانیکراوه‌ یاخیبووه‌کان سه‌ره‌تا 3 پاسه‌وانى زیندانه‌که‌یان کوشتووه‌ و پاشان به‌ ئامانجى ترساندنى زیندانیکراوه‌کانى دیکه‌ى به‌ندیخانه‌که‌ که‌ نزیکه‌ى 1500 زیندانیکراو ده‌بن، یاخیبووه‌کان کۆمه‌ڵێک زیندانیکراویان به‌ بارمته‌ گرتووه‌ و 5 زیندانیکراویشیان کوشتووه‌. دواتر ئاگریان به‌رداوه‌ته‌ به‌شى خزمه‌تگوزارى ته‌ندروستى نێو به‌ندیخانه‌که‌ و هه‌وڵى هه‌ڵهاتنیان دابوو، به‌ڵام هێزه‌کانى ئاسایش ڕووبه‌ڕوویان بوونه‌ته‌وه‌ و 24 که‌سیان لێکوشتوون و 35 که‌سى دیکه‌یان ده‌سـتگیرکردوون و بارمته‌کانیان ڕزگارکردووه‌.

کاربه‌ده‌ستانى تاجیکستان ده‌ڵێن به‌هرۆز گولمورۆد ته‌مه‌ن 20 ساڵ یه‌کێک بووه‌ له‌ یاخیبووه‌کان که‌ کوڕى گولمورۆد حه‌لیمۆڤه‌، ئه‌وه‌ى ئه‌فسه‌رێکى هێزى تایبه‌تى تاجیکستان بوو و له‌ ساڵى 2015 په‌یوه‌ندى به‌ داعشه‌وه‌ کرد و له‌ مانگى نۆى ساڵى 2017 له‌ سوریا کوژرا.

به‌هرۆز له‌ مانگى حه‌وتى 2017 حوکمى 10 ساڵ زیندانى درا به‌ تاوانى هه‌وڵدان بۆ په‌یوه‌ندیکردن به‌ داعشه‌وه‌ له‌ سوریا. کاربه‌ده‌ستان ئاشکرایان نه‌کردووه‌ ئایه‌ ناوبراو له‌ ڕووداوه‌که‌دا کوژراوه‌ یان نا.

جێى ئاماژه‌یه‌ ده‌زگا هه‌واڵگریـیه‌کان وامه‌زه‌نده‌ ده‌که‌ن که‌به‌ سه‌دان تاجیکى په‌یوه‌ندیـیان به‌ داعشه‌وه‌ کردبێت.


ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا 

زۆرترین خوێندراو