قوباد تاڵه‌بانی: پشت به‌ستنى زۆر به‌ سامانى نه‌وت جۆرێک له‌ سستى دروستکردووه‌

22.05.2019
جەماوەر نیوز
قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان له‌ پێنجه‌مین کۆنفرانسى نێوده‌وڵه‌تیى حوکمڕانیى ئه‌له‌کترۆنى له‌ ئیستۆنیا وتارێکى پێشکه‌ش کرد و تێیدا تیشکى خسته‌ سه‌ر له‌مپه‌ره‌کانى به‌رده‌م به‌ ئه‌له‌کترۆنیکردنى خزمه‌تگوزارییه‌ حکوومییه‌کان له‌ کوردستان و چۆنییه‌تى چاره‌سه‌رکردنیان.

له‌ وتاره‌که‌دا  که‌ ئه‌مرۆ چوار شه‌ممه‌ 22 ئایارى 2019 پێشکه‌شى کرد، قوباد تاڵه‌بانى دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ به‌ ئه‌له‌کترۆنیکردنى حوکمڕانى یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت له‌ زیادکردن و شه‌فافکردنى داهات و ڕێکخستنه‌وه‌ى بازرگانى و ته‌نانه‌ت که‌مکردنه‌وه‌ى تاوانه‌کان و بازرگانیکردن به‌مرۆڤه‌وه‌. 

سه‌باره‌ت به‌ ئه‌زمونى حکوومه‌تى ئه‌له‌کترۆنى له‌ هه‌رێمى کوردستانیش ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا که‌ هه‌رێمى کوردستان له‌ دۆخێکى دژوار و پێ‌ له‌ قه‌یرانى ئه‌منى و سیاسى و ئابورى هه‌نگاوه‌کانى حکومڕانى ئه‌له‌کترۆنى ده‌ست پێکرد، جگه‌ له‌وه‌ش له‌ کوردستان حه‌زێکى زۆر بۆ په‌یڕه‌وکردنى بیرۆکراسییه‌ت هه‌یه‌، له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌موو له‌مپه‌ره‌شدا ڕێژه‌ى به‌کارهێنانى ته‌کنه‌لۆژیا و تواناى گه‌نجان به‌رده‌وام له‌ په‌ره‌سه‌ندندایه‌ هه‌ربۆیه‌ ده‌کرێت له‌به‌ر ڕۆشنایى ئه‌زموونى وڵاتانى پێشکه‌وتوو تواناکان ڕێکبخرێن و به‌م شێوه‌یه‌ هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو به‌سه‌ر له‌مپه‌ره‌کانى به‌رده‌م حکومڕانى ئه‌له‌کترۆنیدا زاڵ بین.

قوباد تاڵه‌بانى باسى له‌وه‌ش کرد جگه‌ له‌ یاسا کۆنه‌کان که‌ پێویستیان به‌ هه‌موارکردنه‌وه‌یه‌، پشت به‌ستنى زۆر به‌ سامانى نه‌وت جۆرێک له‌ سستى و ته‌مه‌ڵى دروستکردووه‌ له‌ کوردستان، ئه‌وه‌ له‌ کاتێکدایه‌ کۆمه‌ڵگه‌ى کوردستان نزیکه‌ى 70% گه‌نجه‌ و زۆربه‌ى هه‌ره‌ زۆریان ته‌کنه‌لۆژیا و سۆشیاڵ میدیا به‌کارده‌هێنن، بۆیه‌ ده‌کرێت هه‌نگاو به‌ره‌و ئه‌وه‌ بنێین که‌متر پشت به‌ نه‌وت ببه‌ستین و ئه‌زموونى وڵاتێکى وه‌ک  ئیستۆنیاش له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌توانێت یارمه‌تیده‌ر بێت.

جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران  جه‌ختى له‌ پێویستیى جیاکردنه‌وه‌ى سیاسه‌تى حزبى له‌ کارى حوکمڕانى کرده‌وه‌ و گوتى "ده‌بێت وه‌زیره‌کان سیاسه‌تى حکوومه‌ت جێبه‌جێ بکه‌ن نه‌ک به‌پێى به‌رژه‌وه‌ندیى حزبه‌کانیان هه‌نگاوبنێن چونکه‌ خه‌ڵک به‌ تایبه‌ت له‌م قۆناغه‌ى پاش شه‌ڕى داعش داواى باشترین خزمه‌تگوزارى ده‌که‌ن له‌ حکوومه‌ت و ئه‌مه‌ش مافى ئاسایى خۆیانه‌ و ده‌بێت پێشکه‌شکردنى خزمه‌تگوزارى ئه‌وله‌ویه‌تى کاره‌کانى حکوومه‌ت بێت".

له‌ به‌رده‌وامى وته‌که‌یدا باسى له‌وه‌ش کرد که‌ ڕاسته‌ کوردستان هه‌رێمێکه‌ له‌ عێراقى فیدراڵ، به‌ڵام ده‌کرێت سه‌روه‌رییه‌کى ئه‌له‌کترۆنى هه‌بێت و له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ ببه‌سترێته‌وه‌ به‌ سیستمه‌ جیهانییه‌کان، هه‌روه‌ها به‌ گرنگییه‌وه‌ باسى له‌ پرۆژه‌ى بایۆمه‌ترى کرد که‌ داتاى زیاتر له‌ ملیۆنێک فه‌رمانبه‌ر له‌خۆده‌گرێت، جگه‌ له‌وه‌ش ده‌ست به‌ کۆمه‌لێک پرۆژه‌ى دیکه‌ کراوه‌ بۆ گۆڕانکاریى له‌ فه‌رمانگه‌کانى حکوومه‌ت له‌ ڕووى ڕێکخستنه‌وه‌یان به‌ شێوه‌ى ئۆن لاین و ئاگادارکردنه‌وه‌ى هاووڵاتیان له‌ پێداویستییه‌کانى ئه‌نجامدانى کاروباره‌کانیان به‌ڕێگه‌ى ئه‌له‌کترۆنى بۆ گێڕانه‌وه‌ى کات و به‌فیرۆنه‌دانى تواناکان.

له‌ به‌شێکى ترى وتاره‌که‌یدا قوباد تاڵه‌بانى تیشکى خسته‌ سه‌ر کێشه‌ فیدراڵییه‌کانى به‌رده‌م به‌ ئه‌له‌کترۆنیکردنى حکوومه‌ت له‌ چه‌شنى کارتى نیشتمانى و بانکه‌کان و گه‌شبینیى خۆیشى بۆ دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر بۆیان له‌ڕێگه‌ى تیمى شاره‌زاوه‌ نیشان دا.

ستایشى چیرۆکه‌ سه‌رنجڕاکێشه‌کانى ناو کۆنفرانسه‌که‌ى کرد به‌تایبه‌ت ئه‌زموونى ئیستۆنیا و جه‌ختى له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ پێکه‌وه‌ کارکردن به‌رهه‌مى باشى ده‌بێت و خواستى حکوومه‌تى هه‌رێمیشى خسته‌ڕوو بۆ هاوکارى و چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان له‌به‌ر ڕۆشنایى ئه‌و ئه‌زموونانه‌ و گوتى "حه‌زده‌که‌ین پێکه‌وه‌ گه‌شه‌ بکه‌ین و پێکه‌وه‌ چاره‌سه‌رى کێشه‌کان بکه‌ین، لێره‌ فێربووین قه‌باره‌ى وڵات گرنگ نییه‌، به‌ڵکو کارنامه‌ و به‌رهه‌م گرنگه‌".

پێنجه‌مین کۆنفرانسى نێوده‌وڵه‌تى حکومڕانى ئه‌له‌کترۆنى ئیستۆنیا له‌ژێر دروشمى "ئامانجى هاوبه‌ش و نه‌خشه‌ڕێگه‌ى جیاواز" دا به‌ڕێوه‌چوو و قوباد تاڵه‌بانى له‌سه‌ر بانگهێشتى فه‌رمیى حکوومه‌تى ئیستۆنیا به‌شدارى له‌ کۆنفڕانسه‌که‌دا کرد و یه‌کێک له‌ میوانه‌ سه‌ره‌کییه‌کانى کۆنفڕانسه‌که‌ بوو، که‌ جگه‌ له‌ یاریده‌ده‌رى سکرتێرى گشتى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان و جێگرى سه‌رۆکى کۆمسیۆنى ئه‌وروپا،  زیاتر له‌ ١٠٠ وه‌فدى باڵاى وڵاتان به‌شداربوون.
 


زۆرترین خوێندراو