کوردستان به‌ره‌و گه‌شه‌پێدانى ئابوورى هه‌نگاوده‌نێت

01.06.2019
جەماوەر نیوز
هه‌نگاوه‌کانى چاکبوونه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌رێم وبه‌غدا، کۆتاییهاتنى شه‌ڕى داعش وهه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌ سیاسییه‌کانى ناوخۆ له‌ هۆکاره‌ گرنگه‌کانن بۆ بوژانه‌وه‌ى ئابوورى هه‌رێمى کوردستان. ئاماژه‌کان وا پیشان ده‌ده‌ن که‌ کوردستان به‌ره‌و جوله‌یه‌کى به‌رفراوان بۆ گه‌شه‌پێدانى ئابوورى هه‌نگاوده‌نێت.

له‌ لێدوانێکدا بۆ ماڵپه‌ڕى حکومه‌تى هه‌رێم، وته‌بێژى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، سه‌فین دزه‌یی، به‌ ئاماژه‌پێدان به‌ سیاسه‌ت وهه‌وڵه‌ سه‌رکه‌وتووه‌کانى سه‌رۆک وه‌زیران بۆ تێپه‌راندنى به‌شى هه‌ره‌ زۆرى گرفته‌ ئابوورى وسیاسیه‌کانى پێنج ساڵى رابردوودا، رایگه‌یاند که‌ سه‌قامگیرى سیاسى وهه‌وڵى لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان بۆ تێپه‌ڕدانى گرفته‌کان، هاوکات له‌گه‌ڵ ئاسایى بوونه‌وه‌ى دۆخى ئابوورى له‌وانه‌ نه‌هێشتى پاشه‌که‌وتى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران وده‌ستپێکردنه‌وه‌ى پێدانه‌وه‌ى پاره‌ى به‌ڵێنده‌ران، هانده‌رى به‌هێزن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى وه‌به‌رهێنانى بیانى و خوماڵى بۆ‌ بازارى کوردستان.

پاش ئه‌وه‌ى که‌ له‌ مانگى ئادارى 2018  رێژه‌یه‌ک‌ له‌ پاشه‌که‌وتى مووچه‌ ده‌ستکارى کرا وله‌مانگى ئادارى 2019 به‌ ته‌واوه‌تى پاشه‌که‌وت هه‌ڵگیرا، جوله‌یه‌ک له‌ رووى بیناسازى وکڕین وفرۆشتنى مولک وماڵ وهاتنه‌وه‌ى هه‌ندێ له‌و کۆمپانیانه‌ى که‌ کوردستانیان به‌جێهشتبوو دروستبووه‌.

زاگرۆس فه‌تاح محمد، به‌رێوه‌به‌رى گشتیى پلانى پرۆژه‌کانى بودجه‌ى وه‌به‌رهێنان له‌ وه‌زاره‌تى پلاندانان‌ به‌ ماڵپه‌رى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى گوت که‌ ئابووریى کوردستان، به‌ ئاساییبوونه‌وه‌ى دوخى ئابووری، چاوه‌ڕوان ده‌کرێت نزیکه‌ى له‌ سه‌دا پێنج گه‌شه‌ بکات. گوتی، ئه‌و بڕه‌ پارانه‌ى که‌ بۆ پرۆژه‌کان ته‌رخان ده‌کرێن، ده‌رفه‌تى کارکردن له‌ هه‌رێمى کوردستان به‌شێوه‌یه‌کى به‌رچاو زیادده‌که‌ن وهه‌روه‌ها خواست له‌سه‌ر کاڵاکانى بیناسازى وخزمه‌تگوزارى وتواناى مرۆیی، له‌ ئه‌نجامى که‌وتنى جوله‌ له‌ بازاڕ، زیاد ده‌بێت.

به‌ گوته‌ى به‌رێوه‌به‌رى گشتى پلانى پرۆژه‌کانى بودجه‌ى وه‌به‌رهێنان، گه‌شه‌ى ئابووریى کوردستان تا پێش قه‌یرانى دارایى له‌ سه‌دا شه‌ش زیاتر ببوو.

هه‌روه‌ها، به‌ستنى ژماره‌یه‌ک له‌ پیشانگاى نێوده‌وڵه‌تى له‌م چه‌ند مانگه‌ى رابردوودا، ئاماژه‌یه‌ بۆچالاکبوونه‌وه‌ى ئابوورى هه‌رێم.

عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د عه‌بدولره‌حیم سه‌رپه‌رشتیارى پێشانگاى نێوده‌وڵه‌تى هه‌ولێر رایگه‌یاند، "پێشانگاى نێوده‌وڵه‌تى هه‌ولێر رۆلێکى گرنگ وبنه‌ره‌تى بۆ‌ راکێشانى پرۆژه‌کانى وه‌به‌رهێنان ومارکه‌ جیهانییه‌ به‌ناوبانگه‌کان بۆ هه‌رێمى کوردستان هه‌یه‌ وبه‌ هۆیه‌وه‌ زۆر هه‌لى کار بۆ بێکاران له‌ هه‌رێمى کوردستان ده‌ره‌خسێنێت".

له‌سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنى له‌ ساڵى 2005 تا ئیستا، پێشانگاى نێوده‌وڵه‌تى هه‌ولێر نزیکه‌ى 115 پێشانگاى تایبه‌تمه‌ند ونێوده‌وڵه‌تى له‌ بواره‌کانى کشتوکاڵ، خۆراک، که‌لوپه‌ل وئامێرى بیناسازى وئاوه‌دانکردنه‌وه‌، ته‌ندروستی، گه‌شتوگوزار، ئۆتۆمبیل وئامێره‌کان له‌ هه‌ولێر کراونه‌ته‌وه‌.

سه‌رپه‌رشتیارى پێشانگاى نێوده‌وڵه‌تى هه‌ولێر به‌ ئاماژه‌ پێدان به‌وه‌ى که‌ له‌ میانه‌ى پیشانگاى به‌رهه‌مه‌کانى میسر چه‌ندین گرێبه‌ست واژوو کران،  هیواداره‌ به‌ کردنه‌وه‌ى پیشانگاى زیاتر له‌ماوه‌ى ئه‌مساڵ قه‌ره‌بووى ساڵانى رابردوو بکرێته‌وه‌ وساڵى 2019 بکرێته‌ ساڵى به‌ره‌وپێش بردنى ئابوورى له‌ هه‌رێمى کوردستان وعێراقدا.

سه‌لام فه‌قێ، خاوه‌نى کۆمپانیاى خانووبه‌ره‌ى "حاجى سه‌لام" ئاماژه‌ى به‌وه‌دا که‌ سه‌قامگیریى سیاسى وئه‌منى له‌ لایه‌ک ونه‌هێشتنى سیسته‌مى پاشه‌که‌وتى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران وپێدانى پاره‌ى به‌ڵێنده‌ران له‌لایه‌کى تر بوونه‌ته‌ هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى جموجوڵى زیاترى بازارى مولک وماڵ.

سه‌لام فه‌قێ، پێى وایه‌ په‌ره‌پێدانى که‌رتى گه‌شتیارى و چالاکبوونى بانکه‌کان، له‌وانه‌ هاتنى بانکه‌کانى بیانى وسه‌رمایه‌ى ده‌ره‌کى له‌  ئه‌نجامه‌کانى ئاساییبوونه‌وه‌ى دوخى ئابووری، چالاکانه‌ ده‌توانن گه‌شه‌ به‌ ئابوورى هه‌رێم بده‌ن.

مه‌لا یاسین مه‌حموود، وته‌بێژى یه‌کێتى وه‌به‌رهێنه‌رانى کوردستان وخاوه‌ن کۆمپانیاى به‌ڕێز، به‌ ئاماژه‌پێدان به‌وه‌ى که‌ نیشانه‌کانى بوژانه‌وه‌ى ژێرخانى ئابووریى کوردستان ده‌رکه‌توون، به‌باشى ده‌زانێ که‌ چوارچێوه‌ى یاسایى به‌هێزتر بکرێت بۆ دامه‌زراندنى کۆمپانیاى تێکه‌ڵاو (هاوبه‌ش له‌ نێوان که‌رتى گشتى وتایبه‌ت) له‌ هه‌رێمى کوردستان، که‌ له‌ زۆر له‌ وڵاتان بۆ پێشخستنى ژێرخانى ئابوورى ده‌ورى چالاکیان بینیوه‌.هه‌روه‌ها پێى باشه‌ که‌ یاساى کار وده‌سته‌به‌رى کۆمه‌ڵایه‌تى هه‌موار بکرێت بۆ پاراستنى مافى فه‌رمانبه‌رانى که‌رتى تایبه‌ت.

له‌ لێدوانێک بۆ ماڵپه‌ڕى حکومه‌تى هه‌رێم، دکتۆر محه‌مه‌د سه‌لمان به‌رواری، مامۆستاى زانستى ئابوورى له‌ زانکۆى سه‌لاحه‌ددین، به‌ گرنگى ده‌زانێت که‌ هه‌وڵبدرێت رێگه‌ له‌ دروستبوونى هه‌ڵاوسان وبه‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى که‌لوپه‌ل وخزمه‌تگوزارى بگیرێت. پێشى وایه‌ که‌ به‌رزبوونه‌وه‌ى ئاڵوگۆێ‌ وجوله‌ى بازار به‌ سوڕینه‌وه‌ی دراو له‌ بازاردا ده‌بێته‌ هۆى ره‌خساندنى ده‌رفه‌تى کار وکه‌مبوونه‌وه‌ى رێژه‌ى بێکاری.

ده‌ستپێکردنه‌وه‌ى پرۆژه‌کان

زاگروس فه‌تاح به‌ ئاماژه‌دان به‌ ئاماده‌یى وه‌زاره‌تى پلاندانان بۆ جێبه‌جێکردنى پڕۆژه‌کان گوتى "هه‌ندێ به‌ڵێنده‌ر، سه‌ره‌ڕاى قه‌یرانى دارایى زیاتر له‌ 300 پرۆژه‌یان ته‌واو کردووه، که‌ 50 پرۆژه‌ به‌ شێوه‌ى قه‌رز جێبه‌جێکراون، گرنگترینیان پرۆژه‌ى 120 مه‌ترى هه‌ولێر بوو".

له‌مباره‌وه‌ گوتی، "به‌ر له‌ قه‌یرانى دارایی، زیاتر له‌ 3500 پرۆژه‌ به‌ به‌هاى چوار ملیار دۆلار له‌ جێبه‌جێکردندا بوون، ئێستا وه‌زاره‌تى پلاندانان ئاماده‌کارى کردووه‌ بۆ ته‌واو کردنى ئه‌م پرۆژانه‌ له‌ زووترین کاتدا".

به‌رێوه‌به‌رى گشتى پلانى پرۆژه‌کانى بودجه‌ى وه‌به‌رهێنان له‌ درێژه‌ى ئه‌م بابه‌ته‌دا گوتی، له‌ هه‌رێمى کوردستان (3,300) به‌لێنده‌ر هه‌یه‌ که‌ (500) یان به‌لێنده‌رى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى کوردستانن وله‌ سێکته‌ره‌کانى بیناسازی، رێگاوبان، ئاو وئاوه‌رۆ، دروستکردنى به‌نداو، کاره‌با، دروستکردنى سایلۆ کار ده‌که‌ن.

رزگار که‌ریم، سه‌رۆکى یه‌کێتى به‌ڵێنده‌رانى کوردستان له‌مباره‌وه‌ گوتى له‌ سه‌دا 60ى پرۆژه‌کانى که‌ له‌لایه‌ن به‌ڵێنده‌رانه‌وه‌ جێبه‌جێکراون بیناسازى بووه، له‌ سه‌دا 25 له‌ که‌رتى کشتوکاڵ (ئاودێرى وبه‌نداوه‌کان) وله‌ سه‌دا 15 له‌ پیشه‌سازى (سایلۆکان) بووه.

وه‌ک نوێنه‌رى که‌رتى تایبه‌ت، سه‌لام فه‌قێ، ده‌ستپێکردنه‌وه‌ى پرۆژه‌کان به‌ سه‌ره‌تاى بوژانه‌وه‌ى ئابووریى کوردستان وره‌خساندنى هه‌لى کار ده‌زانێت وپێشى وایه‌ "به‌ڵێنده‌ران بۆ بوژانه‌وه‌ی ئابوورى سێکته‌رێکى گرنگى وڵاتن وبوژانه‌وه‌ى به‌ڵێنده‌ران، بوژانه‌وه‌ى وڵاته، به‌ڵێنده‌ر هه‌لى کار له‌ بوارى خانووبه‌ره‌، له‌وانه‌ له‌ هێزى کار بگره‌ تا ده‌گاته‌ که‌لوپه‌لى بیناساری، ده‌ره‌خسێنێت."

به‌ گوته‌ى به‌ڕیوه‌به‌رى گشتى پلانى پرۆژه‌کانى بودجه‌ى وه‌به‌رهێنان، له‌ ساڵى 2015 (200) ملیۆن دۆلار وساڵى 2016 (100) ملیۆن دۆلار وساڵى 2018 (100) ملیۆن دۆلار بۆ به‌ڵێنده‌ران ته‌رخانکرا وتا ناوه‌ڕاستى ٢٠١٩ ، (100) ملیۆن دۆلارى دیکه‌شیان بۆ دابینکرا.

سه‌رۆکى یه‌کێتى به‌ڵێندرانیش گووتى له‌ سه‌دا 15ى ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ که‌ له‌ ساڵى 2018 به‌ به‌ڵینده‌ران دراوه‌ بۆ قه‌رزه‌کانى ئه‌وان بووه. گوتیشی: "له‌ ساڵى 2018 له‌ رێگاى وه‌زاره‌تى دارایى به‌ شێوه‌یه‌کى مانگانه‌ هه‌ندێک پاره‌ بۆ ئه‌و به‌ڵێنده‌رانه‌‌ ته‌رخانکرا که‌ له‌سه‌ر جێبه‌جێکردنى پرۆژه‌کانیان به‌رده‌وامبوون وهیوادارین له‌ ساڵى 2019 بڕیکى زیاتر بۆ ئه‌و پرۆژانه‌ ته‌رخان بکرێت".

زاگروس فه‌تاح پێى وایه‌ له‌ ساڵى 2019 هۆکارى سه‌ره‌کى بۆ گه‌شه‌ى ئابوورى هه‌رێم له‌به‌ر ده‌سته‌ وبه‌ ده‌ستپێکردنه‌وه‌ى پڕۆژه‌کان، وه‌به‌رهێنانى بیانى وناوخۆیى له‌ هه‌رێمى کوردستان به‌ شێوه‌یه‌کى راسته‌وخۆ به‌رز ده‌بێته‌وه‌.

زاگرۆس فه‌تاح ئه‌وه‌شى گوت که‌ له‌ پلانیان دایه‌ 30 پرۆژه‌ى گه‌وره‌ى ستراتیژى له‌ که‌رته‌کانى کاره‌با، رێگاوبان، ئاو وئاوه‌رۆ، دروستکردنى به‌نداو وسێکته‌رى نه‌وت جێبه‌جێ بکه‌ن.

مه‌لا یاسین مه‌حمود پێى وایه‌ سه‌رمایه‌ى به‌گه‌ڕخراو له‌ پرۆژه‌کانى خانووبه‌ره‌ تا ساڵانى ٢٠١٣‌ که‌ چه‌ند ملیار دۆلارێک بوو، تا ئه‌ندازه‌یه‌ک له‌و ماوه‌ى دوایدا مردبوو، به‌ڵام ئێستا ئه‌و سه‌رمایه‌یه‌ به‌هێواشى ده‌ستى به‌ جوله‌ کردووه‌ته‌وه‌ وپێدانى پاره‌ى به‌ڵێنده‌ران که‌ دواجار 100 میلۆن دۆلار دراوه، کاریگه‌رى زۆر باشى له‌ بازار دروستکردووه.

دکتۆر محه‌مه‌د سه‌لمان به‌رواری، مامۆستاى ئابوورى له‌ زانکۆى سه‌لاحه‌ددین، به‌باشى ده‌زانێ بۆ نه‌هێشتنى پاره‌ى کاش به‌ ده‌ست خه‌ڵکه‌وه‌، که‌ له‌ خزمه‌تى بوژانه‌وه‌ى ئابووریدایه‌ وهۆکارێکه‌ بۆ رێگه‌گرتن له‌ هه‌ڵاوسانى ئابووری، سیسته‌مى بانکى په‌ره‌ى پێبدرێت ومامه‌ڵه‌ى هاووڵاتیان له‌گه‌ڵ پاره‌ له‌ رێگه‌ى به‌کارهێنانى ته‌کنۆلۆجیا وئامرازى بانکى نوێ بێت.

هه‌روه‌ها له‌ باره‌ى داهات وبودجه‌ى ساڵانه‌ى هه‌رێمیش، پێشخستنى په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌ولێر وبه‌غدا به‌ گرنگ ده‌زانێت وده‌ڵێت، "حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌هۆیه‌وه‌ له‌ پشکى هه‌رێم له‌ بودجه‌ى فیدرالى عێراق وهه‌روه‌ها داهاتى ناوخۆیى وفروشتنى نه‌وت، سه‌رچاوه‌کانى داهاتى جێگیر ده‌بێت، که‌ هۆکارى سه‌رکه‌وتنى حکومه‌ته‌ بۆ به‌رده‌وامبوون وجێبه‌جێکردنى ئه‌رکه‌کانى له‌وانه‌ ئه‌نجامدانى پڕۆژه‌کان، پێدانى مووچه‌ وشایسته‌ داراییه‌کان، گه‌یاندن وپێشکه‌شکردنى خزمه‌تگوزاری، به‌ده‌ستهێنانى متمانه‌ى کۆمه‌ڵگه‌  ودابینکردنى ئارامى وسه‌قامگیری."

دکتۆر محه‌مه‌د سه‌لمان به‌روارى بۆ زیاتر پێشخستنى ئابووریى کوردستان به‌باشى ده‌زانێ که‌ "کابینه‌ى داهاتووى حکومه‌تى هه‌رێم هه‌وڵبدات قه‌باره‌ى که‌رتى گشتى سنووردار بکات وپێداچوونه‌وه‌ به‌و یاسا ورێنمایانه‌ بکات که‌ کاریگه‌رى نه‌رێنى بۆ سه‌ر که‌رتى ئابوورى ودارایى هه‌ن ویاساى چاکسازیى ونه‌هێشتنى چه‌ند مووچه‌یى جێبه‌جێ بکات، که‌ به‌هۆیه‌وه‌ ده‌کرێ به‌شێکى زۆر له‌ داهات بۆ که‌رتى وه‌به‌رهێنان وره‌خساندنى هه‌ڵى کار ته‌رخان بکرێت."

وته‌بێژى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، به‌ ئاماژه‌دان به‌ ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان، رایگه‌یاند که‌ کابینه‌ى داهاتوو درێژه‌پێده‌رى سیاسه‌تى کابینه‌ى ئێستا ده‌بێت وگه‌یاندنى خزمه‌تگوزارى به‌ هاوڵاتیان وپه‌ره‌پێدانى که‌رته‌ ئابووریه‌کان وبه‌هێزکردنى که‌رتى تایبه‌ت وهاندانى وه‌به‌رهینانى بیانى وخۆماڵى له‌ کاره‌ سه‌ره‌کیه‌کانى ده‌بێت.

هه‌روه‌ها گوتی، "له‌ سێ وچوار مانگى رابردوودا چه‌ندین پێشانگاى نێوده‌وڵه‌تى له‌ هه‌رێمى کوردستان کراونه‌ته‌وه‌ وتێکه‌ڵاوییه‌ک له‌ نێوان کۆمپانیاکانى هه‌رێم له‌گه‌ڵ کۆمپانیاکانى بیانى دروست بووه‌ وئاشنابوونى خاوه‌نکارانى کوردستان به‌ ئه‌وانه‌ى ده‌ره‌وه‌ بووه‌ هۆى ئه‌وه‌ى که‌ تێکه‌ڵاوییه‌ک هه‌بێت. هه‌وڵ وکوششه‌کان بۆ ئه‌وه‌یه‌ که‌ کوردستان دووباره‌ بۆ ئه‌و پێشوه‌چوونه‌ ئابوورییه‌ى 2005 تا 2013 بگه‌ڕێته‌وه‌ وداهاتوویه‌کى گه‌ش بۆ کوردستان ببینین."