له‌ سه‌یدسادق چوار تۆمەتباری بەڕەگەز تورك دەستگیردەكرێن

09.02.2020
جەماوەر نیوز
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەستگیركردنی چوار تۆمەتباری بەڕەگەزنامە تورك ڕادەگەیەنێت كە بەنیاز بوون چەند دوكانێكی ئاڵتون فرۆشی ببڕن .
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی زانیاری پێگەیشت لەبارەی چوار تۆمەتبارەوە كە لەوڵاتی توركیاوە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و بەنیازن لە قەزای سەید سادق چەند دوكانێكی ئاڵتون فرۆشی ببڕن .
دوای وەرگرتنی فەرمانی دادوەرو بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لێكۆڵینەوەكان دەستیپێكردوو دوای چاودێرییەكی ورد توانرا لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی حەسار - بەشی پۆلیسی سەید سادق لەكاتی ئەنجامدانی تاوانەكە هەر چوار تۆمەتبار دەستگیربكرێن .
لەكاتی دەستگیركردنی تۆمەتباراندا دەستگیراوە بەسەر ئۆتۆمبێلێك و چەند ئامێرێكی كونكردنی دیوار و چەندین پارچە پۆشاك و پێڵاودا كە تۆمەتباران ویستویانە بۆ سەرلێشێواندنی تیمەكانی پۆلیس لەكاتی هەڵگرتنەوەی بەڵگەدا بەكاری بهێنن.
هەروەها تۆمەتباران ویستویانە دوای ئەنجامدانی تاوانەكە ڕاستەوخۆ بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی توركیا و لەوێ‌ ئاڵتونەكان ساغ بكەنەوە .
لەئێستادا تۆمەتباران بەفەرمانی دادوەر ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە .

زۆرترین خوێندراو