مه‌ڵبه‌ندی هه‌ڵه‌بجه‌ی حزبی سۆسیالیست ڕاگه‌یه‌نراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

13.05.2020
جەماوەر نیوز

 

مەڵبەندی هەڵەبجەی شەهیدی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ڕاگه‌یه‌نراوێكی به‌بۆنه‌ی ساڵیادی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامان بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه‌ "حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان وەک هێزێکی کاریگەر بۆ بەگژداچوونەوەی ڕژێمی بەعس ڕۆڵێکی بەرچاوکاریگەری هەبوو لەچۆشدان و پشتگیری لەجەماوەری ڕاپەڕیوی ناوچەکە و هەرزوو لەڕێگەی ڕێکخستنەکانی حزبەوە کۆمەڵێک پێشمەرگەی بوێر و چاونەترسی ناردە ناوشارەکان و تا  هاوشان لەگەڵ جەماوەری ڕاپەڕیوودا ڕووبەڕووی هێزە داپڵۆسێنەرەکانی ڕژێمی بەعس ببنەوە".

 

ده‌قی ڕاگه‌یه‌نراوی مه‌ڵبه‌ندی هه‌ڵه‌بجه‌ی حزبی سۆسیالیست:

 
جەماوەری بەشەرەفی کوردستان.
خەڵکی خۆڕاگر و قارەمانی هەڵەبجە وشارەزوور و هەورامان.
٣٣ ساڵ بەرلەئێستا و لەڕۆژی ۱۳ / ٥ / ۱۹۸۷ خەڵکی تێکۆشەر و خۆنەویستی هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامان بەگژی دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی ڕژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕدا چوونە.
لەیادی ۳٣ ساڵەی ئەو ڕاپەڕینە شکۆدارەدا سەری ڕێز لەئاست گڵکۆی شەهیدان و قوربانیانی ئەو کارەساتە نەوی ئەکەین.
لەکاتێکدا ڕژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕ لەودەمەدا لە ترۆپیکی دەسەڵات و هێزی خۆیدا بوو، ئەم دەسەڵاتە زیاتر دووچاری ملهوڕی ولەخۆبایی کردنی کردبوو، بۆ یەهەمیشە لەهەوڵی کپ کردن و نەهێشتنی دەنگی ئازادیخوازانەی گەلەکەماندابووە.
سەرەڕای ئەوەی جەنگێکی ماڵوێرانی دووچاری گەلانی عێراق کردبوو لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا، لەهەمان کاتدا خەریکی نەخشە و پلانێکی گڵاو ترسناک بوو دەرهەق بەخەڵکی تێکۆشەر و بەشمەینەتی ناوچەکە. کەئەویش ڕاگواستنی گوندەکانی ناوچەکەبوو بۆ ئۆردوگا زۆرە ملێکان و تێکدانی دیمۆگرافیایی ناوچەکە و نەهێشتنی شوێن و پەناگەی پێشمەرگە، کەهەمیشە ڕژێمی بەعس لەئاست بوێری و خۆڕاگرییان زەندەقیان چووبوو.
خەڵکی خۆڕاگری هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامان ئەم پلان و نەخشە ترسناکەیان پێ قبوڵ نەکراو لەئاست ئەم کارە ترسنۆکانەی ڕژێمی بەعس بێ دەنگ نەبوون و ڕاپەڕینی جەماوەرییان بەپاڵپشتی هێزەکانی پێشمەرگە بەرپاکرد.
حزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان وەک هێزێکی کاریگەر بۆ بەگژداچوونەوەی ڕژێمی بەعس ڕۆڵێکی بەرچاوکاریگەری هەبوو لەچۆشدان و پشتگیری لەجەماوەری ڕاپەڕیوی ناوچەکە و هەرزوو لەڕێگەی ڕێکخستنەکانی حیزبەوە کۆمەڵێک پێشمەرگەی بوێر و چاونەترسی ناردە ناوشارەکان و تاهاوشان لەگەڵ جەماوەری ڕاپەڕیوودا ڕووبەڕووی هێزە داپڵۆسێنەرەکانی ڕژێمی بەعس ببنەوە.
لەبەرەبەیانی ڕۆژی ۱۳ / ٥ / ۱۹۸۷ لەبڵندگۆی مزگەوتەکانی هەڵەبجەوە خەڵکی شار ئاگادارکرانەوە تایبەت بە ڕاپەڕینی جەماوەری و دژبە دەزگاکانی ڕژێمی بەعس.
لەئەنجامی ئەم ڕاپەڕینە جەماوەرییە پڕشکۆیەدا توانرا لەماوەیەکی کەمدا ناوشاری هەڵەبجە و سیروان و خورماڵ و سەیدسادق بکەوێتە دەست هێزەکانی پێشمەرگە و جەماوەری ڕاپەڕیوو، چەندین بنکەودەزگای سەربەو ڕژێمە داپڵۆسێنەرە بسوتێنرێت، بەڵام هێزەکانی ڕژێمی بەعس وەک پیشەی لە مێژینەیان بۆ دامرکاندنەوە و کپکردنی هێزی جەماوەری ڕاپەڕیووی ناوچەکە بەهێزێکی زەبەلاح و بەپاڵپشتی فڕۆکەو تانک و تۆپەوە پەلاماری ناوچەکەی دایەوە و بەربووە گیانی هاوڵاتیانی ناوچەکە و دەستی کرد بەڕەشبگیری و قەتڵوعامکردنی خەڵکی بێ دیفاعی ناوچەکە، هەر لە سوتاندن و ڕووخاندنی ماڵی هاوڵاتیان تەقاندنەوەی گەڕەکی کانی ئاشقانی هەڵەبجەوە بگرە  ۷۲ هاڵاتی بێ تاوانی ناوچەکەی زیندەبەچاڵ و شەهید کرد.
۱۳ / ٥ / ۱۹۸۷ ڕۆژێکی پرشنگدارە لەمێژوی خەباتی گەلەکەمان بۆ بەگژداچوونەوەی ستەم و زۆرداری و دژی سیاسەتە گڵاوەکانی ڕژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕ.

ئەمڕۆژە بووە نیشانەی بەرخودان وقارەمانیەتی خەڵکی ناوچەکەو سەروەرییەکی ترە بۆخەڵکی هەڵەبجە و شارەزوور و هەورامان.
هەزاران سڵاو بۆگیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی ۱۳ / ٥ / ۱۹۸۷ و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری گەلەکەمان.

مەڵبەندی هەڵەبجەی شەهیدی
حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان


زۆرترین خوێندراو