كازمی زمانی كوردی لەسەر نووسراوەكانی لادەبات

19.06.2020
جەماوەر نیوز

ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگەیاند زمانی كوردی لەسەر نووسراوەكانی نووسینگەی سەرۆك وەزیران لابردراوە، ئەمەش سەرپێچی حكومەتی نوێی عێراقە بە سەرۆكایەتی موستەفا كازمی.
دیلان غەفوور، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق راگەیاند نووسینی كوردی لەسەر ئەو كلێشە و نووسراوە فەرمییانە لاداوە كە لە نووسینگەی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق دەردەچن".
ناوبراو ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو "فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، نووسراوێكی فەرمی ئاراستەی سەرۆك وەزیران دەكەین بۆ ئەوەی پابەند بێت بە ماددەی 4ی دەستووری عێراق كە زمانی عەرەبی و كوردی بە زمانی فەرمیی عێراق داناوە".
وتیشی ئەم كارەی نووسینگەی سەرۆك وەزیران نادەستوورییە و پێویستە سەرۆكوەزیران وشەی كوردی لەسەر كلێشە و نووسراوە فەرمییەكان دابنێتەوە، پێشموانییە هیچ گوشارێكی لەسەر بێت بۆ لادانی زمانی كوردی، بەڵام تائێستاش هۆكاری لادانی دیارنییە.

مادده‌ی چواری دەستووری هه‌میشه‌یی عێراق:
یه‌كه‌م: زمانی عه‌ره‌بی و كوردی هه‌ردووكیان زمانی فه‌رمین له‌ عێراق، هه‌روه‌ها مافی خوێندن به‌ زمانی دایك بۆ عێراقییه‌كان ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، كه‌ رۆڵه‌كانیان به‌زمانی دایك وه‌ك توركمانی و سریانی و ئه‌رمه‌نی له‌ دامه‌زراوه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان به‌گوێره‌ی میكانیزمی رێگه‌پێدراوی په‌روه‌رده‌یی و رێنماییه‌ حكومییه‌كاندا، یاخود به‌هه‌ر زمانێكی دیكه‌ له‌ دامه‌زراوه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌ تایبه‌ته‌كاندا بخوێنن.
دووه‌م: چوارچێوه‌ی ده‌سته‌واژه‌ی زمانی فه‌رمیی دیاری ده‌كرێت و میكانیزمی جێبه‌جێكردنی بڕگه‌كان به‌گوێره‌ی ئه‌م مادده‌ به‌ یاسایه‌ك ئه‌نجام ده‌درێت كه‌ ئه‌مانه‌ له‌خۆده‌گرێت:
أ‌. وه‌شاندنی رۆژنامه‌ی فه‌رمیی به‌هه‌ردوو زمانه‌كه‌.
ب‌. ئاخاوتن و گوزارشتكردن به‌یه‌ك له‌م دوو زمانه‌ له‌ پلاتفۆرمه‌ فه‌رمییه‌كانی وه‌ك ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، دادگاكان و كۆنگره‌ رۆژنامه‌ڤانییه‌كان بكرێت.
ت‌. داننان به‌ به‌ڵگه‌نامه‌ فه‌رمییه‌كان و نووسراوه‌كان به‌هه‌ردوو زمان و وه‌شاندنی به‌ڵگه‌نامه‌ی فه‌رمیی بۆیان.
پ. كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌ به‌هه‌ردوو زمان به‌گوێره‌ی میكانیزمه‌كانی په‌روه‌رده‌یی.
ج‌. له‌ هه‌موو بواره‌كانی دیكه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كسانی كاری پێده‌كرێت بۆ نموونه‌ كاخه‌زی نه‌ختینه‌ "دراو  پاره‌" و پاسپۆرت و پووله‌كان.
سێیه‌م: دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵ و دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان هه‌ردوو زمان به‌كارده‌هێنن.
چواره‌م: زمانی توركمانی و سریانی ئه‌وانیش دوو زمانی فه‌رمین له‌ یه‌كه‌ ئیدارییه‌كان كه‌ زۆربه‌ی دانیشتووانیان سه‌ر به‌ پێكهاته‌كانیان ده‌بێت.
پێنجه‌م: هه‌ر هه‌رێم و پارێزگایه‌ك مافی خۆیه‌تی له‌ پاڵ زمانه‌ فه‌رمییه‌كان، زمانێكی نێوخۆیی دیاری بكات بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ زمانی فه‌رمیی به‌و مه‌رجه‌ی دانیشتووانی هه‌رێمه‌كه‌ یان پارێزگاكه‌ له‌ رێگه‌ی گشتپرسییه‌كه‌وه‌ په‌سندی بكه‌ن.