بۆ ساغكردنەوەی بەرھەمی جوتیاران ژماره‌یه‌ك بڕیار درا

07.07.2020
جەماوەر نیوز

نووسینگەی پارێزگاری ھەولێر لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای دەكات، لەگەڵ وەزیری كشتوكاڵ و بەڕێوەبەری كشتوكاڵی ھەولێر لەسەر چەند خاڵێك گەیشتوونەتە رێككەوتنم بۆ ئەوەی بەرھەمی جوتیاران ساغبكرێتەوە. ئاشكراشی دەكات، کارگەی قوتوبەندی هەریر لە نزکترین کاتدا بەكاردەخرێتەوە.

ده‌قی ڕاگەیندراوی نووسینگەی پارێزگاری هەولێر:
دوا بە دوای ئەوەی دوێنێ کۆبوونەوەمان لەگەڵ نوێنەری بەشیك لەو جوتیارانە کرد کە کێشەی ساخبوونەوە و هەرزانی نرخی بەربوومی کشتوکاڵیان هەبوو، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێز وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی هەولێر، گەیشتینە ئەو دەرەنجامانەی خوارەوە.
یەکەم/ بۆ ساخکردنەوە و كڕینی بەرهەمی تەماتە لەجوتیاران، کارگەی قوتوبەندی هەریرلە نزکترین کات بەگەڕدەکەوێتەوە و دەست دەکرێت بە کڕینی تەماتە لەجوتیاران بۆ کارگەکە.
دووەم/ بەڕێز شێخ باز بۆ هاندانی بەرهەمی جوتیارانی ناوخۆ بڕیاریدا ڕۆژانە (45) تەن تەماتە بۆ ماوەی (6) ڕۆژ بکڕێتەوە و وەک کاری خێرخوازی لە کەمپ و گەڕەکە هەژارنشینەکانی هەولێر دابەشی بکات، ئەم هەڵوێستەش شایستەی ڕێزلێنان و سوپاسە.
سێیەم/ بۆ پشتگیریکردن لە فرۆشتنی بەرهەمی جوتیاران لە سنووری پارێزگای هەولێر، بڕیاردرا کارئاسانی بۆ هاتنی سەرجەم بازرگانانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بکرێت بۆ هەولێر، بۆ ئەو مەبەستەش قایمقامی هەولێر ئەمڕۆ سەردانی عەلوەی هەولێری کرد و میکانیزمی گونجاو دانرا بۆ هاتنە ژوورەوەی کڕیارانی تەماتە و بەربوومی کشتوکاڵی.
چوارەم/ بڕیاردرا لەمەدوا لەبەرامبەر هەر سندوقێکی بەتاڵی تەماتە و میوە (250) دینار لەلایەن بەقالەکانەوە بۆ جوتیاران بگەڕێندرێتەوە، هەروەها بڕیاردرا بە دابەزاندنی نرخی سندوقی هەڵگرتنی سەوزە و میوە بەشێوەیەکی گونجاو.
نووسینگەی پارێزگاری هەولێر
2020.7.7


زۆرترین خوێندراو