محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: بەغدا ئامادەیە 300 ملیار دینار بداتە هەرێم

27.07.2020
جەماوەر نیوز

ئه‌مڕۆ دوو شه‌ممه‌ 27ی ته‌موز له‌ شاری سلێمانی محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود و به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق كۆبونه‌وه‌.

محەمەدی حاجی مەحمود ناوەرۆكی كۆبونەوەكەی لەگەڵ سەرۆك كۆماری عێراق ئاشكراكرد و رایگەیاند بەغدا ئامادەیە 300 ملیار دینار بداتە هەرێم لەبەرامبەر رادەستكردنی نیوەی داهاتی خاڵە سنورییەكان. دەشڵێت، ئەگەر یەكێتی و پارتی رێكبن، زۆربەی كێشەكان چارەسەردەبن.

محەمەدی حاجی مەحمود بە خەندان-ی راگەیاند لەگەڵ سەرۆك كۆماری عێراق، كاك د.بەرهەم زۆر بابەتمان باسكرد، گفتوگۆمان لەسەر دۆخی كوردستان و عێراق كرد، كێشە ناوخۆییەكانی هەرێم و بەغدامان شیكردەوە و چارەسەرەكانی چی بێت و چۆن بێت باسمانكرد، كۆكبوین لەسەر ئەوەی كە یەكێك لە چارەسەرەكان یەكڕیزی هێزە كوردستانییەكانی هەرێمە."

سەبارەت بە پرسی موچە وتی،"خۆی لە ئێستادا دۆخی عێراق خراپە، ناتوانێت موچەی خۆی بدات، كارمەندانی بەنداوەكانی دوكان و دەربەندیخان دەبێت بەغدا پارەیان بداتێ، ئەوە چوار مانگە پێی نەداون، بەڵام كاك بەرهەم باسی ئەوەی كرد كە هەوڵەكان دراوە، پێشتر عێراق ئامادەبوە 250 ملیار دینار بداتە هەرێم، ئێستا گەیشتوەتە ئەوەی كە 300 ملیار دینار پارە بۆ هەرێم بنێرێت كە ئەمە نیوەی كەمتری موچەی خەڵكی كوردستانە، بەڵام لە بەرامبەردا نیوەی داهاتە سنورییەكان بدرێت بە بەغدا، كوردیش نەوتی خۆی بفرۆشێت، بەڵام عێراق كۆمەڵێك مەرجی لەسەر ئەو بابەتە داناوە، رەنگە هەندێكیان قورس بن و نەكرێت بۆیان، ئێستا ئەم بابەتە هەر گفتوگۆی لەسەرە بۆ گەیشتنە رێككەوتن"

لەبارەی ناكۆكییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی، محەمەدی حاجی مەحمود رایگەیاند، لەراستیدا پارتی و یەكێتی دو هێزن، ئەگەر ئەوان رێك بن، رەنگە زۆربەی كێشەكان چارەسەربكرێـت، یان 70٪ی كێشەكان چارەسەربكرێت و 30٪ی كێشەكانی دیكە بە پشتیوانی حزبەكانی دیكە چارەسەربكرێن، تێكچون و ئاشتی لە كوردستان بە یەكێتی و پارتی دەكرێت، بونی كێشە لەنێوان ئەو دو هێزە واتە كێشە لە كوردستان، چونكە لە هەمو جومگەكانی هەرێم بونیان هەیە و بڵاوبونەتەوە"

وتیشی، ئەوەی من دەیبینم، تا ئێستا بەشێكی فشارە، كە كامیان زیاتری دەستدەكەوێت، چونكە یەكێتی و پارتی خۆیان دەزانن، كە ناتوانن نە بە تەنها حوكمی كوردستان بكەن، نە بەتەنهاش هەمو كارەكان یەك لایەن بیكات، هەمو شتەكانیش ئەوەیە كە فشارە لە یەكتری دەكەن، ئەو هەوڵەی دوێنێ شەو درا كارێكی باش بو، كە توانرا بەو هۆیەوە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان بكرێـت، دۆخی ئێستا هەرێم خراپە، كوردستانی باشور ئێستا چوار هەرێمە، ئەوان دێن لەسەر شتی بچوك كێشە دروست دەكەن، هەقە ئەوان هێندەی بەرپرسیارێتیان بیر لە دۆخی كوردستان و ئەو دۆخە خراپەی نەبونی و ژیانی خەڵك بكەنەوە، ئەوان تەنها بەرپرسی خۆیان یان دۆڵێك نین وەكو جاران، بەڵكو ئێستا بەرپرسی زیاتر لە شەش ملیۆن كەسن لەگەڵ هێزەكانی دیكە، بۆیە هەر دەبێت بگەنە رێككەوتن، لەولاوە توركیا لایەكی داگیركردوین و لەلاكەی دیكەوە عێراق لە خانەقینەوە تا سەنجاری داگیركردوە"

سەبارەت بەوەی پێی وایە كوردستانی باشور چوار هەرێمە رایگەیاند، "ئێستا هەرێمەكەی خۆمان دو بەشە و بەشێكی بەدەست پارتییە و ئەوی دیكەی بەدەست یەكێتییە، لایەكی دیكەی بەدەست بەغداوەیە و ئەوەی دیكەشی هەرێمی میدیایە كە لە قەندیلە و بەدەست پەكەكەوەیە، پەكەكە لەوێ ئیدارەی هەیە و شارەوانی هەیە، جارێكیان داوام لە قائیمقامی قەڵادزێ كرد، كۆمەڵێك شەهیدمان دەبردەوە بۆ سنوری قەندیل كە شەهید عەبدوڵا سور و هاوەڵاكانی بون، داوامان لە قائیمقام كرد كە كارئاسانیمان بۆ بكەن بۆ بردنەوەی شەهیدەكان، لە وەڵامدا پێی وتین كە ئێمە هیچمان بەدەست نییە و داوا لە پەكەكە بكەن، ئێمەش چوین مۆڵەتمان لە پەكەكە وەرگرت و شەهیدەكانمان بردەوە، بۆیە ئەوە هەرێمێكە و لەژێر دەستی پەكەكەدایە، بۆیە دەبێت ئێمە چارەسەری كێشەكانی خۆمان بكەین."

دەربارەی كابینەكەی مستەفا كازمی وتی، "ئەوەی لە عێراقدا دەگوزەرێت، عێراق وڵاتێكی شپرزە و لەبەریەك هەڵوەشاوە، راستە مستەفا كازمی ئێستا سەرۆكی حكومەتە، بەڵام ئەویش ناتوانێت یاری لە نێوان ئێران و ئەمریكا و سعودیە بكات، چونكە كازمی یەك پەرلەمانتاری نییە، موقتەدا سەدریش مۆڵەتی دو مانگی بۆ داناوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، كازمی هیچ هێزێكی نییە، بەیانی هاوشێوەی عادل عەبدولمەهدی پەرلەمان دەتوانێت كۆببێتەوە و لایببەن، بۆیە كەس چاوەڕێی ئەوە نەبێت كە حكومەتی بەغدا كاری بۆ بكات، تەنانەت ئەگەر هەمو كوردستان رادەستی بەغدا بكرێت هێشتا هەر عێراق رازی نابێت ئەوەی ئێمە دەمانەوێت بۆمان بكات، لەبەر ئەوەی من پێموایە كورد دەبێت لەناوخۆیدا رێكبكەوێت و خۆی رێكبخاتەوە و داهاتەكانی كۆبكاتەوە، بەو شێوەیە دەتوانێت ژیانی خەڵك چارەسەر بكات، ئەوەش باشترە لەوەی چاوەڕێی بەغدا بین."

ئاماژەی بەوەشكرد،"پێویستە هێزە سیاسییەكان لە هەرێم رۆڵی خێر بگێڕن، وە دەبێت ئەو كەناڵەی لەگەڵ بەغداش هەیە بۆ چارەسەری كێشەكان بەردەوام بێت، تا ئەو كاتەی دەگەنە ئەنجام، هەرچەندە من باوەڕم وایە ئەنجامی نابێت. وە لە هەرێمی كوردستانیش هێزەكان بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بكەن، ئەمڕۆ من گوێم لە قسەكانی سەرۆكی پەرلەمان بو، كە دەتوانم بڵێم ئەو قسانەی كردی ئەو شتانە بون كە دڵیان گرتبو، هەڵیڕشت بۆ خەڵك، بۆ ئەوەی خەڵك تێبگات كە بەربەست هەیە لەبەردەم پەرلەمان و حكومەت و هەمو ئەو دەزگا شەرعیانەی كە لە هەرێمی كوردستان هەن".


زۆرترین خوێندراو