وه‌زیری ته‌ندروستی: تووشبون به‌ كۆرۆنا له‌ عێراق كه‌مبووه‌ته‌وه‌

22.11.2020
جەماوەر نیوز
حه‌سه‌ن ته‌میمی، وه‌زیری ته‌ندروستی و ژینگه‌ی عێراق رایگه‌یاند، وه‌زاره‌ته‌كه‌یان سه‌رجه‌م هه‌نگاوه‌كانی دارایی و لۆجستیی بۆ به‌ده‌ستهێنانی ڤاكسینی كۆرۆنا ته‌واو كردووه‌.
له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا وه‌زیری ته‌ندروستی عێراق وتی"دۆخی ته‌ندروستی له‌ عێراق تا ئێستا له‌ژێر كۆنترۆڵدایه‌" و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ هه‌وڵه‌كانی وه‌زاره‌ت به‌په‌له‌ و به‌رده‌وامن و توانایه‌كی بێهاوتا له‌ ده‌ستنیشانكردن و چاره‌سه‌ریشدا هه‌یه‌".
وه‌زیری ته‌ندروستی عێراق گوتیشی: "توانیومانه‌ رێژه‌یه‌كی به‌رزی چاكبوونه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهان تۆماربكه‌ین و ژماره‌ی گیانله‌ده‌ستدانی تووشبووانی كۆرۆناش تا ئاستێكی باش كه‌م بكه‌ینه‌وه.
سه‌باره‌ت به‌ دوایین ورده‌كاریش له‌باره‌ی گرێبه‌سته‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ كۆمپانیا جیهانییه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی ڤاكسین، وه‌زیری ته‌ندروستی عێراق جه‌ختیكرده‌وه‌، "وه‌زاره‌ته‌كه‌مان له‌گه‌ڵ ته‌واوی كۆمپانیاكان و ئه‌و وڵاتانه‌ی سه‌رپه‌رشتی به‌رهه‌مهێنانی ڤاكسینی كۆرۆنا ده‌كه‌ن، له‌ په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامدایه و چاوه‌ڕێی په‌سه‌ندكردنین له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ڤاكسینه‌كان".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "لیژنه‌ی تایبه‌ت له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی رایگه‌یاندووه‌، هه‌موو هه‌نگاوه‌كانی دارایی و لۆجستیی به‌گوێره‌ی پێوه‌ره‌ باوه‌ڕپێكراوه‌كانی جیهان ته‌واوكراون و ئێستا‌ ئاماده‌ن بۆ به‌ده‌ستدهێنانی ڤاكسینه‌كه‌ و ته‌نیا چاوه‌ڕێ بڕیاری رێكخراوی ته‌ندروستی جیهان ده‌كه‌ن