مالیكی: پێشبینی دەکەم ئیدارەی نوێی ئەمریکا هێزەکانی لە عێراق بکشێنێتەوە

21.02.2021
جەماوەر نیوز
سەرۆکی هاوپەیمانێتیی دەوڵەتی یاسا لە عێراق رایگەیاند، ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەختی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بەم دۆخەی ئێستاوە بکرێت دەگەنە بنبەست.
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانێتیی دەوڵەتی یاسا، لە دیدارێكی ته‌له‌فزیۆنیدا رایگەیاند: "ئێمە دژی چاودێریکردنی هەڵبژاردن نین لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، بەڵام بە تەواوەتی دژی سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنین لە لایەن ئەوانەوە، چونکە ئەوە دەستوەردانە لە هەموو وردەکارییەکانی هەڵبژاردن و پێشێلکردنی سەروەریی عێراقە، لە کاتێکدا ئەگەر هەڵبژاردن بەم دۆخەی ئێستاوە بکرێت، ئەوا دەگەینە بنبەستێکی گەورە."
نووری مالیکی ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەختی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بەپێی یاسای ئێستای هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، ئەوان زیاتر لە 25 کورسیی پەرلەمان بەدەست دەهێنن، بەڵام ئەو یاسایە پەرلەمانێک بەرهەم دەهێنێت کە یەکگرتوو نابێت.
سەرۆکی هاوپەیمانێتیی دەوڵەتی یاسا دەڵێت: "بەهۆی ئەو یاسایەیشەوە ئەو فراکسیۆنە گەورانەی کە دەتوانن هەڵوێست بنوێنن، نامێنن. لە کاتێکدا مەرجەعییەت داوای کرد هەڵبژاردن بە بێگەردی بەڕێوەبچێت و پارێزراو بێت، بەڵام داوای سیستمی تایبەت و فرەبازنەیی نەکرد، بۆیە ئەگەر هەر پارێزگایەک بکرێتە دوو بازنەی هەڵبژاردن، باشترە."
مالیکی پێیوایە سیستمی سەرۆکایەتی لە سیستەمی پەرلەمانی باشترە، بەڵام دەڵێت ئێستا لە عێراق جێبەجێکردنی سیستمی سەرۆکایەتی ئەستەمە، چونکە سوننە و کورد پێی قایل نابن، شیعەیش رازی نابێت سەرۆکایەتیی وەزیرانی لە دەست دەربچێت.
نووری مالیکی لەبارەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق گوتی: "لکاندنی ویستی مانەوەی ئەمریکا لە عێراق بە سوننە و کوردەوە راستەقینە نییە و مەترسییە بۆ سەریان، بەڵام ئێمە پێویستمان بە بوونی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق نییە. بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکایش لە عێراق لە دەسەڵاتی حکومەتدایە، کەچی حکومەت ئەو پرسەی فڕێدایە ئەستۆی پەرلەمان و ویستی پەرلەمان لەو پرسەدا شکێنرا. پێشبینییش دەکەم ئیدارەی نوێی ئەمریکا هێزەکانی لە عێراق بکشێنێتەوە."
سەرۆکی هاوپەیمانێتیی دەوڵەتی یاسا ئاشکرایشی کرد: "جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە لەگەڵ ئێران پەنا بۆ دانوستاندن دەبات. ئەگەر داوام لێبکەن منیش ئامادەم لەپێناو خزمەتکردنی بەرژەوەندیی عێراق نێوەندگیری لە نێوانیاندا بکەم."

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ