مه‌كته‌بی سیاسی حزبی سۆسیالیست ڕاگه‌یه‌نراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

05.03.2021
جەماوەر نیوز

له‌ ساڵیادی ڕاپه‌ڕینی گه‌لی كوردستان مه‌كته‌بی سیاسی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان ڕاگه‌یه‌نراوێك بڵاوكرده‌وه‌ له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه‌"ڕاپه‌ڕین که‌ ده‌نگ و ئیراده‌ى گه‌لى کوردستان بوو بۆ ڕه‌تکردنه‌وه‌ى سته‌م و خۆسه‌پاندن به‌سه‌ر خواست و چاره‌نووسیدا، به‌ قوربانیدان و ماندووبوونى گه‌ل و به‌ یه‌کڕیزى و یه‌کگرتووییى لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان و سه‌رجه‌م پێکهاته‌ و چین و توێژه‌کانی، گه‌وره‌ترین سه‌رکه‌وتنى مێژوویى بۆ گه‌له‌که‌مان تۆمارکردوە".

ده‌قی ڕاگه‌یه‌نراوی مه‌كته‌بی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان:

ڕاگەیاندراوی مەكتەبی سیاسی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان له‌ یادی۳٠ساڵه‌ی ڕاپەرینە جەماوەریەكەی ئازاری ساڵی ۱۹۹۱ی كوردستان
‏‎جەماوەری تێكۆشەری كوردستان
‏‎كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان
‏‎پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان
‏‎ئه‌مڕۆ سی ساڵ به‌سه‌ر ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌که‌ى ئازارى ۱۹۹۱دا تێدەپەڕێت . به‌م بۆنه‌ شکۆداره‌وه‌ گه‌رمترین پیرۆزبایى له‌ خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کان و سه‌رجه‌م کوردستانیانى ئازیز ده‌که‌ین.
‏‎ڕاپه‌ڕین که‌ ده‌نگ و ئیراده‌ى گه‌لى کوردستان بوو بۆ ڕه‌تکردنه‌وه‌ى سته‌م و خۆسه‌پاندن به‌سه‌ر خواست و چاره‌نووسیدا، به‌ قوربانیدان و ماندووبوونى گه‌ل و به‌ یه‌کڕیزى و یه‌کگرتووییى لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان و سه‌رجه‌م پێکهاته‌ و چین و توێژه‌کانی، گه‌وره‌ترین سه‌رکه‌وتنى مێژوویى بۆ گه‌له‌که‌مان تۆمارکردوە. بەشێكی زۆری خاكی كوردستانی لەدەستی ڕژێمی ڕووخاوی بەعس پاككردەوە ، ئەو ڕاپەڕینە بووە سەرتای دەستپێكی قۆناغێكی نوێ كە دەرئەنجامەكەی گۆڕینی هاوكێشەی سیاسی بوو لە ناوچەكەدا و بووە تاجی سەركەوتنی دەیان شۆڕش و ڕاپەڕین لە مێژووی بزووتەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان و بەدیهێنانی ئامانجی هەزاران شەهید و تێكۆشەری گەلەكەمان .
‏‎حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان وه‌ك چۆن لە سەرەتای هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێی لە ساڵی۱۹۷٦ گەلەكەماندا پێشەنگی قوربانیدان و سه‌رمه‌شقی فیداكاری بووه‌، شانازی گه‌وره‌ی جۆشدان وسه‌ركردایه‌تی كردنی ڕاپه‌ڕینی تۆماركرد، زەنگی ڕاپەڕێن لە لایەن هێزی پێشمەرگەی حزبی سۆسیایست دیمۆکراتی کوردستان شانبه‌شانی جه‌ماوه‌ری چاونه‌ترسی لەشاری ڕانیە وحاجیاواو چواقوڕنە لێدراو دواتر سەرجەم شارو شارۆچکەکانی گرتەوە بە کەرکوکی سەربەرزی کوردستانیشەوە هاوکات وه‌ك هێزێكی دیارو قوربانیده‌ر ۳٠ ساڵیشه‌ بۆ پاراستنی سه‌روه‌ری و ده‌ستكه‌وته‌ مێژوییه‌كانی ڕاپه‌ڕین به‌و په‌ڕی خۆنه‌ویستی و سه‌خاوه‌ته‌وه‌ گیان ده‌به‌خشێت.
‏‎ڕاپەڕین زادەی یەکڕیزی لایەنە سیاسیەکان و بەرەی کوردستانی و جەماوەری خۆڕاگری کوردستان بوو کە لەچوارچێوەی خوێندنەوەیەکی وردو واقعیعیانە بۆ بارودۆخی ناوخۆی وجیهانی ڕاپەڕینی گەیاندە ترۆپکی سەرکەوتن.ئێستەش تەنها یەکڕیزی و یەکگوتاری هێزو لایەنە سیاسیەکان دەمان گەیەنێتە کەناری ئارامی و هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی ڕاپەڕێن بەرەو ئایندەیەکی گەشتر دەبات .
‏‎ ئەمساڵ لەكاتێكدا یادی راپەڕین دەكەینەوە،هەرێمی کوردستان و عێراق بە بارو دۆخێکی هەستیار و ناسکدا تێدەپەڕێت وێڕای ئەو قەیرانە سیاسی و ئابوریانەی کە ڕوو بەڕوی عێراق بۆتەوە. ئەمەش گرفت و قەیرانی جۆراو جۆری بۆ هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان دروستکردوە.
‏‎حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان زاده‌ى ئیراده‌ى گه‌لى کوردستانه و‌ یه‌کێکه‌ له‌ ده‌ستکه‌وته‌ به‌هاداره‌کانى ڕاپه‌ڕین، پاراستن و پته‌وکردنیشى ئه‌رک و به‌رپرسیارییه‌تیى سه‌رجه‌م لایه‌ن و چین و توێژه‌کانى گه‌له‌که‌مانه‌. هاوکات ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە زیاتر گرنگی بدات بە پڕۆژەخزمەتگوزاریەکان و سود وەرگرتن لەبارو دۆخەکە لەپێناو چارەسەرکردنی بودجەو گرفتە داریەکانی ڕابورد و چارەسەرکردنی یەکجارەکی گرفتی هاوڵاتیان و پرسی پێشمەرگەو مادەی ۱٤٠ و شایستە دارایەکانی هەرێمی کوردستان و زۆر پرسی چارەنوس سازو گرنگی تر . لەم یادە مەزنەدا جەخت دەکەینەوە به‌و په‌ڕی ووره‌و باوه‌ڕه‌وه‌ له‌ ڕیزی پێشه‌وه‌ی خه‌باتی پێشخستنی كوردستان و خواست و داواكانی گه‌ل و پاراستنی سه‌روه‌رییه‌كانی ڕاپه‌ڕیندا ده‌بین تا بدیهێنانی دواین ئامانج كه‌ سه‌ربه‌رزانه‌ ئه‌وه‌شمان له‌ ڕۆژانی سه‌ختدا بۆ خاك و خه‌ڵكی كوردستان سه‌لماندووه‌.
‏‎بەرزو شكۆداربێت بیرەوەری ۳٠ ساڵەی ڕاپەڕین
‏‎نەمری بۆ شەهیدانی كاروانی خەباتی ڕزگاری كوردو كوردستان
‏‎ سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەكان و خۆڕاگری جه‌ماوه‌ری كوردستان
‏‎مەكتەبی سیاسی
‏‎حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان
۲.۲۱/۳/٥


زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ