له‌ عێراق سیسته‌می دامه‌زراندن ده‌گۆڕێت

12.06.2021
جەماوەر نیوز
مه‌حموود ته‌میمى، سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى راژه‌ى عێراق رایگه‌یاند، به‌پێى یاساى "59"، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ دامه‌زراندنى فه‌رمانبه‌ران له‌ عێراق،  بۆ ساڵى 2021  دامه‌زراندن له‌ رێگه‌ى پێشكه‌شكردنى ئه‌لیكترۆنى ده‌بێت، هه‌موو پێوه‌ره‌كانى "شه‌فافیه‌ت و هه‌ڵبژاردنى باشترین" ره‌چاو ده‌كرێت.
ته‌میمى راشیگه‌یاند، ئه‌نجوومه‌نى راژه‌ داواى له‌ ته‌واوى فه‌رمانگه‌و دام و ده‌زگا حكوومییه‌كان كردووه‌،  به‌پێى پێویستییه‌كان  داواكارى پێشكه‌ش به‌ ئه‌نجوومه‌ن بكه‌ن، بۆ ده‌سته‌به‌ركردنى كار و دیاریكردنى فه‌رمانبه‌رى شیاو.
ته‌میمى وتیشى: زۆربه‌ى فه‌رمانگه‌ و پارێزگاكانى عێراق وه‌ڵامى ئێمه‌یان داوه‌ته‌وه‌، زانیاری و داتایان بۆ ئێمه‌ ناردووه‌، به‌مه‌به‌ستى وه‌رگرتنى ده‌رچووان، به‌ له‌به‌رچاو گرتنى داواكارییه‌كان و پێویستى فه‌رمانگه‌ حكوومییه‌كان.
له‌ باره‌ى  دیاریكردنى پله‌ وه‌زیفییه‌كان، مه‌حموود ته‌میمى گوتی: بۆ ساڵى 2021، ئێمه‌ پێویستییه‌كانمان ده‌ستنیشان ده‌كه‌ین.
پێشتریش ئه‌نجوومه‌نى راژه‌ بڵاویكردبوویه‌وه‌، وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا ناوى سێ یه‌كه‌مه‌كانى ته‌واوى عێراقى بۆ ناردووین، كه‌ ژماره‌یان گه‌یشتووه‌ته ‌20 هه‌زار كه‌س، له‌ چوارچێوه‌ى  34 زانكۆ و په‌یمانگه‌ى حكومى.
به‌پێى ئامارێكى وه‌زاره‌تى پلاندانانى عێراق، ژماره‌ى فه‌رمانبه‌رانى ده‌وڵه‌ت گه‌یشتووه‌ته‌ 6 ملیۆن و نیو فه‌رمانبه‌ر، كه‌ ئاستى پێدانى مووچه‌ له‌ عێراق 2 ملیار دۆلاری تێپه‌ڕاندووه‌.

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ