ئه‌مریكا له‌ عێراق ناكشێته‌وه‌

27.07.2021
جەماوەر نیوز
وتەبێژی کۆشکی سپی جەخت دەکاتەوە کە گۆڕانکاری بەسەر ئەرکی سەربازیی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دێت، دەشڵێت، ئەوە بە مانای کۆتاییهاتنی هاوبەشیی نێوان واشنتن و بەغدا نایێت.
جێن ساکی، وتەبێژی کۆشکی سپی دوایین دیالۆگی ستراتیژیی نێوان ئەمریکا و عێراق و نێوەڕۆکەکەی بۆ رۆژنامەوانان روونکردەوە، وتی، ئێستا گەیشتوونەتە قۆناغێک کە ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا لە شەڕکردنەوە بۆ مەشق و راوێژ و هاریکاریکردن گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە.
ساکی بیری هەمووانی هێنایەوە کە لەو هاوبەشی و پەیوەندییە "تووندوتۆڵە" لەگەڵ عێراق بەردەوام دەبن کە لە رابردوودا هەیان بووە.
لە راگەیێندراوی هاوبەشی ئەمریکا و عێراق لەبارەی گفتوگۆی ستراتیژی کە شاندەکەی عێراق نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی تێدابوو، هاتووە، هەردوو وڵات وتوێژەکانیان لە رێگەی لیژنەی هاوئاهەنگی پەیوەست بە رێكکەوتننامەی ستراتیژی درێژەپێدەدەن، هاوکات ئەمریکا رێزگرتنی بۆ سەروەریی عێراق و یاساکانی عێراق دووپاتکردووەتەوە و بەڵێنی بە دابینکردنی ئەو یارمەتیانە داوە کە عێراق پێویستی پێیانە.

زۆرترین خوێندراو