به‌ره‌ی بایكۆتی هه‌ڵبژاردنی عێراق له‌ فراوانبوندایه‌

28.07.2021
جەماوەر نیوز
هاوپه‌یمانێتی مینبه‌ری عێراقی، كه‌ ئه‌یاد عه‌لاوی، سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتری عێراق سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، كشانه‌وه‌ی خۆی له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی عێراق راگه‌یاند كه‌ بڕیار بوو له‌ 10ی تشرینی یه‌كه‌می 2021 ئه‌نجامبدرێت.
 ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 28ی ته‌موزی 2021 وائیل عه‌بدوللـه‌تیف، جێگری سه‌رۆكی مینبه‌ری عێراقی، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌ به‌غدا رایگه‌یاند، هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌یان هه‌ڵوێستی روون و راستگۆیانه‌ی خۆی نیشان ده‌دات و له‌ هه‌ڵبژاردن ده‌كشێته‌وه‌ و پرۆسه‌كه‌ بایكۆت ده‌كات.
وائیل عه‌بدوللـه‌تیف داوای له‌ پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی دیكه‌ی عێراقیش كردووه‌، كه‌ هه‌مان هه‌ڵوێست و هه‌نگاو بگرنه‌ به‌ر و پرۆسه‌كه‌ بایكۆت بكه‌ن.
پێشتریش هه‌ریه‌كه‌ له‌ موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در و حزبی شیوعی عێراقی و ساڵح موتڵه‌گ سه‌رۆكی به‌ره‌ی دیالۆگی نیشتمانی، كشانه‌وه‌ی خۆیان له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی عێراق راگه‌یاندووه‌.

زۆرترین خوێندراو