سه‌رۆكی هه‌رێم له‌گه‌ڵ وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی به‌ریتانیا كۆده‌بێته‌وه‌

17.09.2021
جەماوەر نیوز
پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ هه‌ينى 2021/9/17  نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ له‌نده‌ن له‌گه‌ڵ نه‌ديم زه‌هاوى، وه‌زيرى په‌روه‌رده‌ى به‌ريتانيا كۆبووه‌وه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نێچيرڤان بارزانى پيرۆزباييى ده‌ستبه‌كاربوونى له‌ پۆستى تازه‌يدا له‌ زه‌هاوى كرد و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست و وتى: مايه‌ى شانازييه‌ كه‌ ده‌بينين بۆ يه‌كه‌مجاره‌ كوردێك له‌ به‌ريتانيا له‌ بوارێكى گرنگدا ده‌بێته‌ وه‌زير و له‌ زۆر بوارى ژيانى سياسى و كارگێڕيدا سه‌رده‌كه‌وێت، هه‌روه‌ها گرنگيى سوودوه‌رگرتنى هه‌رێمى كوردستانى له‌ ئه‌زموون و سه‌ركه‌وتنه‌كانى به‌ريتانيا له‌ بوارى په‌روه‌رده‌ و خوێندندا دووپات كرده‌وه‌، به‌تايبه‌تيش له‌ بوارى خوێندنى پيشه‌ييدا كه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان زۆر پێويست و گرنگه‌.
لاى خۆيه‌وه‌ نه‌ديم زه‌هاوى خۆشحاڵيى خۆى به‌ سه‌ردان و ديداری نێچيرڤان بارزانى ده‌ربڕى كه‌ يه‌كه‌م شاندى فه‌رميى ده‌ره‌وه‌ى به‌ريتانيايه دواى ده‌ستبه‌كاربوونى وه‌ك وه‌زيرى په‌روه‌رده‌، پێشوازى لێده‌كات و له‌گه‌ڵياندا كۆدبێته‌وه‌، هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌ ئاماده‌ييى به‌ريتانيا بۆ هاوكارى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان و عيراق له‌ بوارى په‌روه‌رده‌دا كرده‌وه‌ و ڕايگه‌ياند هه‌رێمى كوردستانيش وه‌ك وڵاتانى ديكه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راست، ده‌توانێت له‌ بوارى كارى هاوبه‌شمان سوودمه‌ند بێت.
ئاڵوگۆڕى بيروڕا ده‌رباره‌ى دۆخى عيراق و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

زۆرترین خوێندراو