زانکۆی دهۆک: لە بەشە ناوخۆییە حکومییەکاندا شوێنمان نەماوە

28.10.2021
جەماوەر نیوز
بەڕێوەبەری بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆی دهۆک رایدەگەیێنێت، ئامادەکاری بۆ وەرگرتنی خوێندکاران کراوە و لەو بەشە ناوخۆییانەدا، کە بینای حکومەتن، هیچ شوێنێکیان نەماوە.
مەردان ئەترووشی، بەڕێوەبەری بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆی دهۆک راگەیاند، "ئێمە دەستپێکی هەموو ساڵێک ئامادەکاری بۆ وەرگرتنی خوێندکاران دەکەین. ئێمە لەو بەشە ناوخۆییانەدا کە بینای حکومەتن و 13 دانەن لە دهۆک و هەر چوار قەزاکەدا، هیچ شوێنێکمان نەماوە، بەڵام هەندێک شوێنمان بە تایبەت بۆ ئەو خوێندکارانە داناوە کە لە شارە دوورەکانەوە دێن، بۆئەوەی کەسوکاریان لە جێگەیان دڵنیابن".
هاوکات دارا سڵێمان، بەڕێوەبەری بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆی پۆلی تەکنیکی دهۆک وتی، "پار بەهۆی کۆرۆنا و خوێندنی ئۆنلاینەوە کێشەیەکی وامان لە بەشە ناوخۆییەکاندا نەبوو، بەڵام ئەمساڵ هەندێک کێشەمان هەبوو و چارەسەرمان کردن. ئەمساڵ نزیکەی 21 بەشە ناوخۆییمان بۆ خوێندکاران گرتووە کە هەشتیان لەناو دهۆکدان. نزیکی هەزار و 441 خوێندکاری بەشە ناوخۆییمان هەیە".
بەڕێوەبەری بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆی دهۆک ئاماژەی بەوەش کرد، "لە دهۆک و هەر چوار قەزاکەدا 64 شوێنمان بۆ بەشە ناوخۆیی کوڕان و کچان گرتووە. لەناو دهۆکدا دوو بەشە ناوخۆیی حکومیی کوڕانەمان هەن و ئەوانی دیکە تایبەتن. بۆ کچانیش پێنج بەشە ناوخۆیی حکومیمان هەن و بڕیارە بکرێنە حەوت".
بەپێی ئاماری زانکۆی دهۆک، بەشە ناوخۆیی کەمپی شیفا گەردی دوو هەزار و 300 خوێندکار دەگرێت؛ کەمپی کوردستان ساڵح نزیکەی 200 خوێندکار دەگرێت، کەمپی کۆلێژی کشتوکاڵ و ڤێتێرنەرییش 200 خوێندکار دەگرێت و بەشە ناوخۆیی ئاکرێیش نزیکەی 200 خوێندکار دەگرێت.

زۆرترین خوێندراو