عێراق هه‌نارده‌ی نه‌وت زیاد ده‌كات

13.11.2021
جەماوەر نیوز
ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق ئاشکرای دەکات، پێشبینی دەکەن هەناردەی نەوتی خاوی وڵاتەکە لە چارەکی یەکەمی ساڵی داهاتوو بەرزبێتەوە، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، رێکخراوی ئۆپێك لە رێگەی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان کار بۆ گرانکردن یان هەرزانکردنی نرخی نەوت ناکات.
وەزیری نەوت لە لێدوانێکیدا رایگەیاند، لە چارەکی یەکەمی 2022 هەناردەی نەوت بۆ 3 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە بەرزدەکەنەوە، کە ئەوەش پشکی عێراقە لە بازاڕی نەوت.
روونیشكرده‌وه‌، رێکخراوی ئۆپێک هەوڵ بۆ دەستکاریکردنی نرخی نەوت نادات، بەڵکو تەنیا کار لەسەر سەقامگیرکردنی بازاڕی وزە دەکات.
ئیحسان عەبدولجەبار جەختیشی کردەوە، کە عێراق دووەم گەورەترین هەناردەکاری نەوتی رێکخراوی ئۆپێکە، بۆیە بە تەواوی پابەندی سەرجەم بڕیارەکانی دەبێت، هەروەها بەغدا بڕیار و رێنماییەکانی بە تەواوی جێبەجێ دەکات و داوای هیچ بەخشین و تایبەتمەندیییەکی لە رێکخراوەکە نەکردووە.

زۆرترین خوێندراو