تائیستا كۆمیسیۆ ئه‌نجامی تانه‌كانی ئاشكرا نه‌كردووه‌

20.11.2021
جەماوەر نیوز
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا ناوی هیچ بەربژێرێک یەکلایی نەبووەتەوە کە لە ئەنجامی تانەکاندا سەرکەوتوون و دەبنە پەرلەمانتار، یان کورسی لەدەستدەدەن. 
عیماد جەمیل، ئەندامی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق راگەیاند هەندێک تانە لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دراون، لەلایەن دەستەی دادوەریی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە لە بەرژەوەندی تانەلێدراو بڕیاری لێدراوە و وێستگەکان هەڵوەشاونەتەوە، بۆیە ئەگەری هەیە گۆڕانکاریی لە هەندێک لە کورسییەکان رووبدەن.
بەگوتەی ئەو ئەندامەی تیمی میدیایی کۆمیسیۆن، رەنگە گۆڕانکارییەکان پێنج بۆ شەش کورسی بن، لە پارێزگاکانی هەولێر، نەینەوا، کەرکووک، بەغدا، بەسرە و بابل.
دکتۆر عیماد جەمیل، روونیکردەوە، ئەو گۆڕانکارییانە دەکەوێتە سەر بڕیاری کۆتایی دادگە و گوتی: "بەڵام تاوەکو ئێستا ناوی هیچ بەربژێرێک یەکلایی نەبووەتەوە، نازانین کێ سەردەکەوێت و کێ دادەبەزێت، رەنگە ئەوەی تانەی لێدراوە سەرنەکەوێت، بەڵكو کەسێکی دیکە بە جیاوازی دەنگ سەربکەوێت. چاوەڕوانی ئەنجامی کۆتایی تانەکان و دەنگەکان دەکەین و دواتر کۆمیسیۆن ئەنجامی فەرمی رادەگەیێنێت. تاوەکو ئێستاش کۆمیسیۆن و دەستەی دادوەریی ناوی هیچ بەربژێرێکی رانەگەیاندووە و هیچ ئاماژەیەکیان نەداوە کە چ بەربژێرێک سەردەکەوێت و چ بەربژێرێکیش دادەبەزێت و کورسییەکەی لەدەستدەدات".
ئەندامەکەی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دووپاتیکردەوە، کۆمیسیۆن وردبینی بۆ دەنگەکانی ئەو وێستگانە دەکات کە لەلایەن دەستەی دادوەریی کۆمیسیۆنەوە هەڵوەشاونەتەوە و وتیشی: "رەنگە ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکان بۆ وێستگەی دیکەش بکرێت کە دەستەی دادوەریی بڕیاری لەسەر داوە. بۆیە چاوەڕوانی ئەنجامی کۆتایی دەکەین، ئەو کاتە ناوی براوەکان بە فەرمی رادەگەیێنین".
ئەو ئەندامەی تیمی میدیایی کۆمیسیۆن جەختی لەوەش کردەوە، بڕیاری هەڵوەشانەوەی وێستگەکان گشتگیر نییە و ئەگەر لە وێستگەیەک دەنگ و پەنجەمۆری دووبارە هەبوو، تەواوی دەنگەکان پووچەڵ ناکرێت، بەڵکو تەنیا ئەو دەنگ و پەنجەمۆرانەی دووبارەن هەڵدەوشێنەوە.

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ