بایدن: ئه‌مریكا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ كاركردن له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌

03.02.2022
جەماوەر نیوز
ئەمڕۆ پـێنجشەممه‌ 3ی شوباتی 2022 سەرۆکی ئەمەریکا لە وتارەکەی سەبارەت بە کوژرانی ئیبراهیم ئەلهاشمی ئەلقوڕەیشی سه‌ركرده‌ی داعش لە ناوچەیەکی باکوری ڕۆژئاوای سوریا لە نزیک سنووری تورکیا، وتی ئەم گەورە تێرۆرستە کە بە حەجی عەبدوڵـڵا ناودێرکرابوو، لەوەتای کوژرانی ئەبو بەکر ئەلبەغدادیـیەوە ڕێبەرایەتی داعشی کردووە و بە کردەوەی تێرۆرستی ئەمەریکایـیەکان و هاوپەیمانانی و هاوبەشەکانی و خەڵکێکی بێشوماری سڤیلی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریکا و باشوری ئاسیا کرتووەتە ئامانج.
جۆ بایدن وتیشی ئیبراهیم ئەلهاشمی بەرپرسیش بووە لەو هێرشەی لەم دوایـیە کرایە سەر زیندانەکەی شاری حەسەکە، بەڵام"هاوبەشە قارەمانەکانمان لە هێزەکانی سوریای دیموکرات بە خێرایی بەرپەرچی هێرشەکەیان دایەوە."
وتیشی ئەم تێرۆرستە" لە پشت ئەو جینۆسایدە بوو کە لە دژی ئێزیدیـیەکان لە ساڵی 2014 ئەنجامدرا. هەروەها وتی "هەموو ئەو بەسەرهاتە ئازاربەخشانەمان لە بیرە لە کۆمەڵکوژی و وێرانکردنی گوندەکان و فرۆشتنی ژنان وەک کۆیلە و بەکارهێنانی دەستدرێژی سێکسی وەک چەکێکی شەڕ."
سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەش کرد فەرمانی بە وەزارەتی بەرگری کردبوو هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەی زیانی گیانی لە نێو خەڵکی سڤیلدا.
ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ڕێبەرەکەی داعش چواردەوەری خۆی بە خێزان گرتبوو کە منداڵیشیان لە نێودابوو. گوتی "بۆیە بڕیاردرا ژیانی سەربازانمان بخەینە بەر مەترسیـیەوە و بە هێزی تایبەت بۆی بڕۆن لە بری ئەوەی بە هێرشێکی ئاسمانی بیکەنە ئامانج، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک هێزەکان نزیکبوونەوە لەوەی تێرۆرستەکان دەستگیربکەن، ئەم گەورە تێرۆرستە ئەنجامدانی تەقینەوەی هەڵبژارد بەبێ گوێدانە بە ژیانی خێزانەکەی و ئەوانی دیکەی ناو بیناکە، هەر وەک بەغدادی کە لەگەڵ خۆی ژمارەیەک لە ئەندامانی خێزانەکەی بەرەو مەرگ برد.
بایدن گوتیشی لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات پاڵپشتی کراون و ئاماژەی بۆ دەزگاکانی هەواڵگری و وەزارەتی بەرگری و ئەندامانی ئاسایشی نیشتمانی و هەموو دەزگاکانی دیکەی حکومەت کرد. هەروەها گوتی "بەبێ وچان و بە وردی بۆ چەند مانگێکە کاریان کردووە بۆ سەرخستنی ئەرکەکە."
وتیشی ئەم ئۆپەراسیۆنە گەواهیـیە لەسەر ئاست و تواناکانی ئەمەریکا لە دژی هەڕەشە تێرۆرستیـیەکان، ئیدی لە هەر شوێنێکی جیهادان تێرۆستان خۆیان حەشاربدەن دەستمان پێـیان دەگات. جەختی کردەوە کە سوورە لەسەر پاراستنی خەڵکی ئەمەریکا لە هەڕەشە تێرۆرستیـیەکان وە بڕیاری یەکلاییکەرەوە دەدات بۆ پاراستنی وڵاتەکە.
سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆتایی وتارەکەی دووپاتیکردەوە ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ هاوپەیمانە نزیکەکانی و هاوبەشەکانی لە هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزە عێراقیـیەکان، بە هێزەکانی پێشمەرگەشەوە، وە زیاتر لە 80 وڵاتی ئەندامی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

زۆرترین خوێندراو