لە نەجەف پێكدادان لە نێوان هێزێكی ئەمنی و سەرایای سەلام ڕویدا

22.09.2022
جەماوەر نیوز
سەرچاوەیەكی ئەمنی ئاشكرای كرد، لە شاری نەجەف پێكدادانی قورس لە نێوان هێزێكی ئەمنی و سەرایای سەلامی سەربە رەوتی سەدر رویداوە، ژمارەیەك سەیارە زیانی زۆریان بەركەوتووە، بەڵام كوژراو و برینداری لێنەكەوتووەتەوە.
سەرچاوەكە بە میدیا عیراقییەكانی وتووە، كاتێك هێزێكی ئەمنی لە نەجەف چوون بۆ دەستگیر كردنی دوو داواكراو، لەكاتی گەڕانەوەدا ئۆتۆمبێلێك دوای هێزەكە كەتووە، بەڵام وەستاندویانە و لەكاتی لێكۆڵینەوە لەگەڵا ئۆتۆمبێلەكە یەكێك لە تۆمەتبارەكان هەڵاتووە.
رونیشكراوەتەوە، هێزە ئەمنییەكە دوای كەوتوون و تەقەیان لێكردووە و بریندار كراوە، بەڵام بە برینداری خۆی كردووە بە بارەگای هێزەكانی سەرایای سەلام و ئەوانیش وایان زانیوە ئەو هێزەی دوای تۆمەتبارەكە كەوتووە یەكێكی ترە لە گروپە چەكداریەكان و لەهەموو لایەكەوە تەقەیان لێكردوون.
هەمان سەرچاوە ئەوەشی رونكردووەتەوە، هێزە ئەمنییەكەش وەڵامیان داوەتەوە و شەڕێكی قورس رویداوە، شەڕەكەش بەبێ‌ كەوتنەوەی كوژراو و بریندار كۆتایی هاتووە بەڵام چەند ئۆتۆمبێلێك زیانی زۆریان بەركەوتووە، دواتریش دەركەوتووە كە تۆمەتبارەكە سەربە سەرایای سەلامە.

زۆرترین خوێندراو