وەزیری ناوخۆی بەریتانیا ده‌ستله‌كارده‌كێشێته‌وه‌

20.10.2022
جەماوەر نیوز
رۆژی چوارشەممە سوێلا برەیڤەرمان، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا  دەستی لەکارکێشایەوە، ئەوەش گومانی زیاتری لەسەر مانەوەی لیز ترەس، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دروستکرد، دوای ئەوەی کە پلانە ئابوورییەکەی شکستیهێنا.
وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا رایگەیاندووە، دەستلەکارکێشانەوەکەی بەهۆی ئەوە بووە کە هەڵەی کردووە و بە ئیمەیڵی تایبەتی خۆی بەڵگەنامەیەکی حکومیی بۆ هاوکارێکی ناردووە، لەبری ئەوەی بە شێوەیەکی پارێزراو، بەو ئیمەیڵە بینێرێت کە حکومەت بۆی داناوە.
خانمە وەزیرەکە هەڵەکەی بە "پێشێلکاریی تەکنیکیی" یاساکانی حکومەت ناوبردووە و نووسیویەتی، "من هەڵەیەکم کردووە؛ بەرپرسیارێتییەکە لەئەستۆ دەگرم."
چەند کاتژمێرێك کەم دواتر، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی شانشینی یەکگرتوو رایگەیاند، گرات شاپس، وەزیری پێشووی گواستنەوەی سەردەمی بۆریس جۆنسن، لە شوێنی سوێلا برەیڤەرمان دەبێتە وەزیری نێوخۆ.




زۆرترین خوێندراو