بایدن : كورسی كه‌مترین كورسیمان له‌ ده‌ستداوه‌

11.11.2022
جەماوەر نیوز
جیاکردنەوەی دەنگەکان لە هەڵبژاردنی نیوەیی ئەمریکا بەردەوامە و تائێستا یەکلایی نەبووەتەوە دیموکراتەکان یان کۆمارییەکان دەسەڵاتی کۆنگرێسی ئەمریکا دەگرنە دەست. جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکاش ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بە "سەرکەوتن" بۆ ئیدارەکەی لێکدەداتەوە و باس لەوە دەکات دیموکراتەکان کەمترین کورسییان لەدەستداوە.
بەرەبەیانی ئه‌مڕۆ هەینی، 11ی تشرینی دووه‌می 2022 جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە مەراسیمی ئەنجووومەنی نیشتمانیی پارتی دیموکراتەکاندا سوپاسی دەنگدەران و ئەو کەسانەی کرد کە چاودێریی هەڵبژاردنی نیوەیی ئەمریکایان کرد. 
بایدن وتی، پارتی دیموکراتی ئەمریکا کەمترین کورسی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لەدەستداوە بەراورد بە ئیدارەکانی 40 ساڵی رابردووی پارتی دیموکراتەکان لە ئەمریکا. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوای ساڵی 1986ـەوە ئیدارەکەی ریکۆردی لەدەستدانی کەمترین حاکمی ویلایەتەکانی تۆمارکردووە.
تاوەکو ئێستا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کۆمارییەکان 211 کورسیان بەدەستهێناوە و لە بەرامبەردا دیموکراتەکان 197 کورسیان بردووەتەوە؛ هەروەها 27 کورسی هێشتا لە رکابەرییەکەدا ماوە. پێشبینی دەکرێت کۆمارییەکان بە ئاسانی بتوانن 7 کورسی دیکە بەدەستبهێنن و بە 218 کورسییەوە زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەستبهێنن.
لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکاش کە لە 100 کورسی پێکدێت. تاوەکو ئێستا کۆمارییەکان توانیویانە 49 کورسیی ئەو ئەنجوومەنە ببەنەوە و لە بەرامبەردا دیموکراتەکان خاوەنی 48 کورسین.
هێشتا سێ کورسی ماوە یەکلایی ببێتەوە کە ئەوانیش ویلایەتەکانی نێڤادا، ئاریزۆنا و جۆرجیان. لە هەردوو ویلایەتی ئاریزۆنا و جۆرجیا بەربژێری دیموکراتەکان لە پێش کۆمارییەکانەوەن و لە ویلایەتی نێڤاداش بەربژێری کۆمارییەکان پێشەنگە.
لە هەڵبژاردنی نیوەیی ئەمریکادا، هاووڵاتیان دەنگ بۆ حاکمی 36 ویلایەت، 35 ئەندامی ئەنجوومەنی پیران و 435 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە ئەمریکا دەدەن.
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "ئێمە ئەنجامێکی سەرسوڕهێنەرمان بینی لەم هەڵبژاردنەدا کە هیچ کەس پێشبینی نەدەکرد. گەنجەکان، ئێوە دووبارە ژمارەیەکی مێژوویی دەنگتان داوە، وەک ئەوەی دوو ساڵ پێش ئێستا کردتان. گەنجەکان لە پێناو قەیرانی کەشوهەوا، تووندوتیژیی چەک، مافە کەسییەکان و نەهێشتنی قەرزی سەر خوێندکاران دەنگیانداوە."

زۆرترین خوێندراو