جەماوەر نیوز
بە تۆمەتی "دەستوەردان و زیانگەیاندن" بە دادگە و لەسەر بنەمای سکاڵایەکی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، دادگەی کەرخ؛ جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بانگ دەکات و داوای لێدەکات لە بەردەم دادگەکە ئامادەبێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی دادگەى لێکۆڵینەوەى سێى کەرخ لە بەغدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 29-01-2023، بڵاویکردووەتەوە، لەسەر بنەمای سکاڵایەکی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق کە لە دژی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق تۆمار کراوە، داوای لێدەکات لە بەردەم دادگە ئامادەبێت بۆ لێپرسینەوە.
سکاڵاکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق بەهۆی ئەوەوەیە کە گوایە شاخەوان عەبدوڵڵا "زیانی بە داگە و سەربەخۆییەکەی" گەیاندووە و "دەستوەردانی لە کاروباری دادگە" کردووە بە تایبەت لە دوایین بڕیاری دادگەکە لەبارەی "نادەستووریبوونی" ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان کە پێشتر حکومەتی عێراق رەزامەندی لەسەر ناردنی پارەکە دابوو.
رۆژی چوارشەممە، 25ـى کانوونى دوومى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق تاوتوێى سکاڵایەکى کرد کە لەلایەن مستەفا سەنەد، پەرلەمانتارى عێراق و پارێزگارى واست پێشکێش کرابوون، لە دژى چەند بڕیارێکى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بۆ ناردنى ئەو پارانە بۆ هەرێمی کوردستان، دادگەکە لەسەر بنەمای ئەو سکاڵایانە، ناردنی پارەی بۆ هەرێمی کوردستان بە "نادەستووری" لە قەڵەمدا.
شاخەوان عەبدوڵڵا دوای بڕیارەکەی دادگە رایگەیاند لایەنێک هەیە لەناو هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی دادگای باڵای فییدراڵی هەیە.