دادگای فیدراڵی بڕیار له‌باره‌ی پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ده‌دات

24.12.2023
جەماوەر نیوز
بڕیارە ئەمڕۆ یه‌ك شه‌ممه‌ 24ی كانونی یه‌كه‌می 2023 دادگای فیدراڵی دەربارەی دوو دۆسیەی تایبەت بە مووچە و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆبێتەوە و ژمارەیەك مامۆستایانی ناڕازی لە دانیشتنەکە ئامادە دەبن.
بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی، ئەمڕۆ یەکشەممە، یەکەم دانیشتنی دادگا دەربارەی سکاڵایەک بەڕێوەدەچێت کە لەلایەن چوار فەرمانبەری ھەرێمەوە لەسەر ھەردوو سەرۆک وەزیرانی عێراق و ھەرێم تۆمارکراوە و داواکراوە دادگا ھەردوو حکومەتی عێراق و ھەرێم پابەند بکات بە جێبەجێکردنی یاسای بودجە و پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم و گێڕانەوەی مافەکانیان.
ھەر ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی بۆ جاری دووەم تاوتوێی سکاڵایەک دەکات کە لەلایەن نۆ فەرمانبەری ھەرێمەوە لەسەر سەرۆک وەزیرانی ھەرێم و وەزیری دارایی ھەرێم تۆمارکراوە.
سکاڵاکارەکان، داوایان لە دادگای فیدڕاڵی کردووە حکومەتی ھەرێمی کوردستان پابەند بکات یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت وەک خۆی جێبەجێ بکات بەتایبەت ماددەکانی (٦ و ٧ و ٨ و ٩) و بڕیاری ڕاگرتنی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانیش ھەڵبوەشێنێتەوە.

زۆرترین خوێندراو