رێنماییە زانستییەکانی پزیشکێکی هەناو لەبارەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا

20.02.2020
جەماوەر نیوز

د.زانا دزەیی،پسپۆڕی ھەناو

تکایە بەھۆی نزیکبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ لە چەند وڵاتێکی دراوسێی ھەرێمی کوردستان، ئێستا بۆ خۆپاراستن رەچاوی رێکارەکانی خۆپاراستن بکە! ئەم ڤایرۆسە لە کاتێکدا تا ئێستا ھیچ چارەسەرێکی تەواوی بۆ نەدۆزراوەتەوە، پارێزییکردن لێی، تەنھا رێگای دووربوونە لێی.
١-پێویست بە شڵەژان و ترسی دەروونی ناکات، چونکە ترسی زیاد، بەرگریی لەش دادەبەزێنێت! خۆشبەختانە تاوەکو ئێستا کەمتر لە ٪٣ی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە، زۆربەی تووشبووان چاک بوونەتەوە.
٢-ئاگات لە تەندروستیی خۆت و ماڵ و منداڵت بێت لەڕێگای پاک و خاوێنڕاگرتنی مەتبەخ و توالێت و خاولیی و ڤاپ و قاچاخ و دەست شوشتن، بەجۆرێک ھەموو دوو سەعات جارێک بەلایەنی کەم بیست چرکە، بە سابوون یان ھەر شلەیەکی تر، باشترە ئاوەکە شلەتێن بێت و ڕێبکات! شلە دژە میکرۆبە کھولییەکان دەشێ وەک بەدیلێکی ئاو و سابوون بەکاربھێندرێت.
با جەوی ماڵەوەت گەرم بێت چونکە ئەم ڤایرۆسە بەرگری گەرمای کەمە و لەناودەچێت.
٣-تا پێت دەکرێت ئەگەر زۆر پێویستی نەکرد مەچۆ قەڕەباڵغیی، کەمکردنەوەی تۆقە، ماچ و لەباوەش گرتن! ئەو ماوەیە ھەوڵ بدە زیاتر کاتەکانت لە ماڵەوە بیت.
٤-ئەگەر تووشی نیشانەکانی ھەڵامەت بوویت، تکایە لە ماڵەوە بە و تێکەڵی خەڵکی مەبە، ماسک و دەستکێش و کلێنس بەکاربھێنە تا بە تەواوی چاک دەبیتەوە.
٥-ئەو ماوەیە ھەوڵ بدە، خواردنی دەرەوە و سەر عارەبانە و قووتووکراو مەخۆ! لە ماڵەوەش زیاتر گرینگیی بە خواردنی میوە و سەوزەوات بدە و چەقۆی گۆشت و بابەتەکانی تری خواردن لەیەک جیا بکەوە.
٦-ئەو ماوەیە ئەگەر بۆ کاری زۆر پێویست نەبوو، سەردانی دەرەوەی کوردستان مەکە.
٧-ھەرکاتێک ئەم نیشانانە: تای زۆر، سەرئێشە، قورگ سووتانەوە، کۆکەی بێزارکەر، تەنگەنەفەسیی و سکچوونت بوو، سەردانی نزیکتریین چارەخانە بکە.
بەھیوای سەلامەتیی بۆ ھەموو لایەک و خوا کوردستانمان بپارێزێت.


زۆرترین خوێندراو