له‌ سلێمانی سزای ژماره‌یه‌ك له‌ ده‌مامكفرۆش درا

23.02.2020
جەماوەر نیوز

بەهۆی گرانفرۆشی دەمامکەوە، لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی سێ شوێنی دیکه‌ دادەخات.
له‌شکر حه‌مید، سه‌رۆکی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند: بەهۆی زیادکردنی نرخی دەمامک لە سەر هاوڵاتیان له‌لایه‌ن لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانی قائیمقامیه‌ت، به‌هاوکاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌کانی ئاسایش و چاودێری بازرگانی سلێمانی سێ شوێنی فرۆشتنی پێداویستی پزیشکی لەشاری سلێمانی دادەخرێت.
وتیشی: لیژنه‌کان به‌دواداچونیان کردوه‌ ئەو شوێنانەی که‌داخراون نرخی یەک دەمامکیان لەنێوان (4 بۆ 12) هەزار دینار بەرز کردوەتەوە، بۆیە بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی هەریەکە لە فرۆشتگاکانی ( دەرون، رێبین و پاشا) لەشەقامی گۆران ( ئۆرزدی)ی شاری سلێمانی دادەخرێن.
رونیکرده‌وه‌: زیادکردنی نرخ و گرانفرۆشی سەرپێچی کردنە لەڕێنماییەکانی کارکردن، بۆیه‌ له‌لایه‌ن قائیمقامی سلێمانیه‌وه‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کان راسپێردراون به‌دواداچون بۆ نرخی پێداویستی پزیشکی به‌گشتی و ده‌مامک به‌تایبه‌تی بکه‌ن هه‌ر شوێنێکیش گرانتر له‌ نرخی ئاسایی خۆی بیفرۆشێت ده‌سبه‌جێ شوێنه‌که‌ی داده‌خرێت و خاوه‌نه‌که‌شی روبه‌روی رێکاری یاسایی ده‌کرێته‌وه‌.
بەمەبەستی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، به‌شێک له‌ هاوڵاتیانی شاری سلێمانی رویان له‌ کڕینی دەمامک کردوە ئه‌مه‌ش وای کردوه‌ به‌شێک له‌و شوێنانه‌ی ده‌مامک ده‌فرۆشن ‌به‌ده‌رفه‌تی بزانن بۆ گرانکردنی نرخه‌کانیان بەڵام له‌سه‌ر فه‌رمانی ئاوات محه‌مه‌د، قائیمقامی سلێمانی لیژنه‌کانی قائیمقامیه‌ت رێگری له‌ گرانبونی ده‌گرێت.

 

زۆرترین خوێندراو