سبه‌ی سێكته‌ره‌ جیاجیاكان ده‌كرێنه‌وه‌

02.06.2020
جەماوەر نیوز
ئەمڕۆ، بە سەرپەرشتی وەزیری ناوخۆو بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی و پارێزگارەکان و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگاکان کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی قۆناغەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆناو قەدەغەکردنی هاتووچۆ، لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆو هەڵسەنگاندنی ورد لەسەر بارودۆخەکە کراو دواجار بڕیاردرا:
١- هەموو بڕگەکانی بەیانی ژمارە (٣٨)ی ساڵی (٢٠٢٠)ی وەزارەتی ناوخۆ وەکو خۆیان جێبەجێ دەکرێن.
٢-پەیوەست بە قەدەغەی هاتووچۆ لە سەعات (٦)ی ئێوارەی سبەینێ وە (٣/ ٦/ ٢٠٢٠) لەژێر ڕێکاری توندی تەندروستی و ڕێنماییە تەندروستییەکاندا سێکتەرە جیاجیاکان دەکرێنەوە.
٣-دوای تێپەڕبوونی (٧٢) سەعات بەسەر کەرەنتینەکردنی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخدا، دوای ئەو ماوەیەی دیاریکراوە دەروازەکە دەکرێتەوە.
هەروەها سوپاسێکی زۆری هاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان کرا، بۆ پابەندبوونیان بە ڕێکارەکان و خۆپارێزییانەوە، داوایان لێکرا بەردەوام بن لەسەر خۆپارێزیی، لەهەمان کاتدا هەموو فەرمانگەکانی دەوڵەت ئاگادارکرانەوە، کە پێویستە ڕێکارە تەندروستییەکان بەوردی جێبەجێ بکەن و هەر سەرپێچی و کەمتەرخەمییەک دەبێتە مایەی لێپرسینەوەی یاسایی و کارگێڕی توند.

زۆرترین خوێندراو