وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان: هه‌موو ڕێكاره‌كانمان ته‌واكردووه‌ به‌مه‌به‌ستی دابه‌شكردنی زه‌وی به‌سه‌ر خانه‌واده‌ی شه‌هیدان

01.07.2020
جەماوەر نیوز
لیژنەی کاروباری شەهیدان  له‌ به‌رله‌مانی كوردستان لەگەڵ وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان تاوتوێی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازییان کرد بەمەبەستی تاوتوێكردنی شێوازی هەنگاوەكانی چاكسازی و گفتوگۆكردن لەسەر ماف و ئیمتیازاتەكانی شەهیدان
ڕۆژی سێ شەممە 30ی حوزه‌یرانی 2020 عەبدوڵڵا حاجی مەحمود، وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێمی کوردستان بەیاوەری بەختیار فەرەج، بەڕێوەبەری گشتی دیوان و سیروان عەزیز ،بەڕێوەبەری گشتی دەستەی وەبەرهێنان بە وەکالەت لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان لەگەڵ لیژنەی كاروباری شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی كوردستان کۆبوونەوە ، له‌ بەشێکی کۆبوونەوەکە دا گفتوگۆ كرا لەسەر ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاكسازی .
وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان میكانیزمی پەیڕوەی جێبەجێكردنی یاسای چاکسازی بۆ لیژنەكە خستەڕوو، کە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان تەواوی ئەو لیژنانەی پێکهێناوە کە لەپەیڕوەی یاسای چاکسازیدا ئاماژەیان بۆ کراوە بۆ ئەوەی بە زووترین کات یاساکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ماف و ئیمتیازی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفال و زیندانی سیاسی لەگەڵ یاسا بەرکارەکان یەکبخرێت و پێداچوونەوە بە تەواوی دۆسییەکاندا بکرێت .
لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆکرا لەسەر مینحەی زیندانیانی سیاسی کە بەپێی یاسا بەشێکیان مینحەی ۱٠ ساڵیان وەرگرتووە و تیشک خرایە سەر کارەکانی ئەو لیژنەیەی لەلایەن ( ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و وەزارەتی دارایی و ئابووری) پێکهێنراوه‌ ، کە کاردەکات بۆ ووردبینی و پێداچوونەوە و پاکردنەوەی لیستەکانی زیندایکراو و گیراوی سیاسی بۆ ئەوەی مینحەی زیندانیانی سیاسی بەپێی یاسا بەرکارەکان بدرێت.
له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی کۆبوونەوەکە گفتوگۆ له‌ باره‌ی بە دابەشکردنی زەوی به‌سه‌ر خانەوادەی شەهیدان كرا.
لەو بارەیەوە عەبدوڵڵا حاجی مەحمود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بەلیژنەكەی ڕاگەیاند كە تەواوی رێكارە ئیداری و یاساییەكانیان تەواوكردووەو رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانیان كردووە، لە ئێستادا چاوەڕێی فەرمانی وەزارەتی شارەوانین بەمەبەستی دیاریكردنی شوێنی زەویەكەی و چۆنیەتی میکانیزمەکانی دابەشكردنی ئەو زەویانە بەسەر کەسوکاری ئەو شەهیدانەی کە تا ئێستا لە وەرگرتنی زەوی سودمەند نەبوونە لەبەر ڕۆشنایی یاسا بەرکارەکان.
هەروەها باس لەهەمواری یاساکانی شەهیدان و زیندانی سیاسی و تاقانەکان کرا بۆ ئەوەی لێژنەی شەهیدان و پەرلەمان هەمواری یاساکان بکەن بەجۆرێک خزمەتی زیاتری کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی شایستە بکرێت.

زۆرترین خوێندراو