قائیمقامی سلێمانی: قورسترین بڕیار داخستنی شوێنی كاركردنه‌

24.07.2020
جەماوەر نیوز
قائیمقامی سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت: لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان رۆحییه‌تی یه‌ك تیمیی له‌كاركردندا به‌رجه‌سته‌ ده‌كه‌ن و ده‌شڵێت: قورسترین بڕیار داخستنی شوێنێكه‌ ،به‌ڵام له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا ناچارین جێبه‌جێی بكه‌ین.
ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌، ئاوات محه‌مه‌د، قائیمقامی سلێمانی له‌ دیوانی قائیمقامیه‌ت له‌گه‌ڵ تیمه‌ نوێكانی لیژنه‌ هاوبه‌شكانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی كۆبوه‌وه‌ و له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا رایگه‌یاند: لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان رۆحییه‌تی یه‌ك تیمیی له‌كاركردندا به‌رجه‌سته‌ ده‌كه‌ن و هه‌مو شه‌ش مانگ جارێك ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌ندامانی لیژنه ‌هاوبه‌شه‌كان گۆڕانكاریان به‌سه‌ردادێت، ئه‌ندامه‌ نوێكان درێژه‌ پێده‌ری كاره‌كانی ئه‌ندامانی پێشوی لیژنه‌كانن كه‌ ئه‌ركێكی نیشتمانی و خزمه‌تێكی گه‌وره‌ پێشكه‌ش به‌ هاوڵاتانی شاره‌كه‌ده‌كه‌ن.
وتی: ئامانجی سه‌ره‌كی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی سزادان یان داخستنی شوێنه‌كان نییه‌، به‌ڵكو گه‌یشتنه‌ به‌ ئاستێكی باش له‌ پابه‌ندبونی خاوه‌ن شوێنه‌كانه‌ به‌ رێنماییه‌كانی كاركردن و كه‌مكردنه‌وه‌ی سه‌رپێچییه‌كان‌ بۆئه‌وه‌ی هاوڵاتییان دڵنیابن له‌ كڕین و به‌كارهێنانی ئه‌و كاڵاوشمه‌ك و خزمه‌تگوزارییانه‌ی له‌لایه‌ن بازرگان و دوكانداره‌كانه‌وه‌ پێی ده‌فرۆشرێت.
وتیشی: كار و خزمه‌تكردنی لیژنه ‌هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌ت له‌لایه‌ن هاوڵاتیان و ‌سه‌رجه‌م چینوتوێژه‌كانی شاری سلێمانییه‌وه‌‌ جێگه‌ی رێز و ده‌ستخۆشییه‌، بۆیه‌ ده‌ستخۆشی بۆ ئه‌وكه‌سانه‌ی له‌ساڵی (2007)ه‌وه‌ لیژنه‌كانیان دروستكردوه‌ یان وه‌ك ئه‌ندامانی لیژنه‌كان كاریانكردوه‌.
رونیكرده‌وه‌: به‌پێی به‌دواداچون لیژنه‌كان به‌شێكی زۆری سه‌رپێچییه‌كان كه‌مته‌رخه‌میی خاوه‌ن شوێن و ئه‌وكه‌سانه‌یه‌ كه‌ كاری تێداده‌كه‌ن نه‌ك چاوچنۆكی، به‌ڵام له‌ئێستادا به‌شێكی زۆری شوێنه‌كان پابه‌ندی مه‌رج و رێنماییه‌كانی كاركردنن ئه‌مه‌ش له‌ئه‌نجامی سه‌ردان و پشكنینه‌ به‌رده‌وامه‌كان و پێدانی رێنمایی كاركردنه‌ به‌خاوه‌ن شوێنه‌كان له‌لایه‌ن لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانییه‌وه‌ هاتوه‌ته‌ بون.
له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا ئاوات محه‌مه‌د، ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌كرد: وه‌ك قائیمقامی سلێمانی قورسترین بڕیار بۆ من داخستنی شوێنه‌كه‌، چونكه‌ ئامانجی كاركردنه‌كانمان زیان گه‌یاندن نییه‌ به‌ هیچ كه‌سێك به‌ڵام له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و پاراستنی ته‌ندروستی هاوڵاتیان ناچارین جێبه‌جێی بكه‌ین.

زۆرترین خوێندراو