ڕێگایه‌كی سه‌ره‌كی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كرێته‌وه‌

24.08.2020
جەماوەر نیوز

رۆژی یەکشەممە مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی خۆپیشاندانەکانی هەڵەبجە و سووتاندنی بینای حکومی لەو شارە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ ئازاد تۆفیق، پارێزگاری ئەو شارەدا کرد.

مەسروور بارزانی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ئاماژەی بەوە داوە، پێویستە رێکاری یاسایی بەرامبەر بەو کەسانە بگیرێتەبەر کە موڵک و ماڵی گشتییان سووتاندووە و تێکداوە.
هاوکات ئەوە ئاشکراکراوە کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا باس لە دوو پرۆژەی گرنگی سنووری پارێزگای هەڵەبجە کراوە.
پرۆژەکانیش یەکێکیان بریتییە لە پردی "تووەقوتە" کە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنەوە دەکرێت. ئەوەی دیکەشیان "ناوچەی پیشەسازیی خۆراک"ـە کە دەستەی وەبەرهێنان جێبەجێی دەکات.
دەقی راگەیێندراوەکە:
*لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە گەڵ پارێزگاری هەڵەبجە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بارودۆخی پارێزگاکە تاوتووێ دەکات*  
• سەرۆکی حکومەت : 
ئەنجامدانی خۆپێشاندان بە شێوەیەکی ئاشتیانە و شارستانیانە مافی هاووڵاتییانە ، بەڵام سووتاندن و تێکدانی موڵک و ماڵی گشتی و هاووڵاتییان ، دەچێتە خانەی تاوان و پێویستە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەرانی بگیرێتەبەر.

ئەمڕۆ یەکشەممە 2020/8/23 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە گەڵ ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە، بارودۆخی دەڤەرەکەی لە ڕووی تەندروستی و خزمەتگوزارییەوە تاووتوێ کرد. 

سەرۆکی حکومەت نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر ئەو ئاژاوە و پشێوی و هێرشکردنە سەر دامودەزگاکانی حکومی و موڵک و ماڵی گشتی و هاووڵاتییان دەربڕی کە دوێنێ هەندێک کەس لە ژێر ناوی خوپێشاندانەوە لە هەڵەبجە و چەند ناوچەیەکی دیکە ئەنجامیاندا. 
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە ئەنجامدانی خۆپێشاندان بە شێوەیەکی ئاشتیانە و شارستانیانە مافی هاووڵاتییانە ، بەڵام سووتاندن و تێکدانی موڵک و ماڵی گشتی و هاووڵاتییان ، دەچێتە خانەی تاوان و پێویستە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەرانی بگیرێتەبەر .

لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا ، گفتوگۆ دەربارەی دوو پڕۆژەی گرنگ لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە کرا کە یەکێکیان پڕۆژەی پردی (تووەقوت)ە کە لە لایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئەنجام دەدەرێت ، هەروەها (ناوچەی پیشەسازی خۆراک) کە دەستەی وەبەرهێنان ئەنجامی دەدات . هەردوو پڕۆژەکەش لە قۆناخی کۆتایی ئامادەکارییدان  و لە ماوەیەکی نزیکدا دوای رێکارە ئیدارییەکان،  بەردی بناغەی ھەردوو پڕۆژەکە دادەنرێت. 

دۆخی تەندروستی سنووری پارێزگاکە و هەنگاوەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤاپرۆسی کۆرۆنا، لایەنێکی دیکەی گفتوگۆی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە بوون .


زۆرترین خوێندراو