خەڵاتی کلارا زێتکین ده‌به‌خشرێته‌ گولتان کشاناک

31.05.2021
جەماوەر نیوز
خەڵاتی کلارا زێتکین بۆ ساڵی 2021 بەخشرایە گولتان کشاناک، هاوسەرۆکی پێشووتری گەورەشارەوانیی ئامەدی باکووری کوردستان کە لە زیندانی کاندرایە لە پارێزگای کۆجائەلی لە تورکیا.
ئەنجوومەنی ژنانی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە لە هەژماری فەرمی لە تویتەر هەواڵەکەی بڵاوکردەوە و پیرۆزبایی لە کشاناک کرد بەبۆنەی وەرگرتنی ئەو خەڵاتە و رایگەیاند: "لە بەرامبەر سیستەمی سەردەستی پیاو بەردەوام دەبین لە تێکۆشان". 
خەڵاتی کلارا زێتکین لە ساڵی 2007 ـەوە لەلایەن پارتی چەپی ئەڵمانیاوە دوو ساڵ جارێك دەبەخشرێتە ئەو خانمانەی نمونەن و لە پێناو مافی ژندا تێدەکۆشن. 
یەکەمینجار نییە خەڵاتی کلارا زێتکین دەبەخشرێتە خانمە سیاسەتڤانێكی کورد. پێشتر لە ساڵی 2017دا ئەو خەڵاتە بەخشرایە فەلەکناس ئوجا، پەرلەمانتاری هەدەپە لە بازنەی ئامەد. 
گولتان کشاناک و فورات ئانڵی، هاوسەرۆکانی پێشووتری گەورەشارەوانی ئامەد کە تاوەکو ئێستا لە زیندانن لە 1ی تشرینی دووەمی 2016 لەگەڵ 63 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی بەبڕیاری وەزارەتی ناوخۆ لەسەر کارلادران و قەیووم لە شوێنیان دانرا.

کلارا زێتکین کێیە؟
کلارا زێتکین لە پێنجی تەمموزی 1857 لە دایکبووە، سیاسەتمەدارێکی چەپ بووە و داکۆکی لە مافەکانی ئافرەت کردووە، وەکو مامۆستا لە قوتابخانەکانی ناوەندی وانەی گوتووەتەوە.
ساڵی 1875 لە سەردەمی بسمارک لە پێشەنگی ئەو ئافرەتانە بووە، کە لەپێناو ئازادییە گشتییەکانی ئافرەتاندا تێکۆشاوە و بەشداریکردووە لە بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتیی سەتان کرێکاری ئافرەتی ئەڵمانی.
کلارا زێتکین بەھۆی ئەوەی لەلایەن پۆلیسەوە راوەدوونراوە، ساڵی 1878 ھەڵھاتووە بۆ زوریخ ، تاوەکو ساڵی 1917 ئەندامێکی چالاکی حزبی دیموکراسی یەکگرتووی ئەڵمانیا بووە، دواتر چووەتە نێو باڵی چەپی حیزبی دیموکراتی یەکگرتووی ئەڵمانیا.
کلارا ساڵی 1910 پێشنیاری بۆ سکرتاریەتی نێودەوڵەتی ئافرەتانی یەکگرتوو کردووە لە 8ی مارسی ھەموو ساڵێک ئاھەنگ بۆ ئافرەتە تێکۆشەرەکان بگێڕدرێت، لە ساڵی 1932 ئەو کاتە کە ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا بووە، وتارێکی پێشکەشکردووە کە دواتر بووەتە بەڵگەیەکی مێژوویی، لەو گوتارەیدا داوای لەگەلی ئەڵمانیا کردووە دژایەتی فاشیەت بکەن
وەکو رێزلێنانێک بۆ کلارا زێتکین ئەڵمانیای رۆژھەڵات وێنەکەیان لەسەر دراوەکەیان داناوە. کلارا زێتکین لە 20ی حوزەیرانی ساڵی 1933 کۆچی دوایی کردووە. لە ساڵی 1954ەوە خەڵاتی کلارا زێتکین لەلایەن پارتی چەپی ئەڵمانیاوە دەدرێتە ئەو ژنانەی داکۆکی لە مافی ئافرەت دەکەن.

زۆرترین خوێندراو