سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش ده‌گوێزێته‌وه‌ ئامه‌د

12.11.2022
جەماوەر نیوز
عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان( هەدەپە ) ئەمڕۆ شەممە 12ی تشرینی دووه‌می 2022 راگەیاند، سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ئامەد لای باوکی بووە و دوای چەند کاژێرێک گەڕێندراوەتەوە گرتووخانەی ئەدیرنە.
دەمیرتاش بە مەبەستی بینینی تاهیر دەمیرتاشی باوکی کە نەخۆشە، گوێزراوەتەوە بۆ ئامەد. لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە 'ئایا ئەم هەنگاوە ئاماژەیە بۆ نزیکبوونەوەی ئاکپارتی و هەدەپە'، گەرگەرلیئۆغڵو وتی: "ئەوەی کراوە مافی هەموو زیندانییەکە کاتێک کەسێکی نزیکی نەخۆش دەکەوێت. پێشتر حکومەت ئەو مافانەی نەدەدا، بەڵام ئەمجارە داواکاریی دەمیرتاش قبووڵکرا بۆئەوەی سەردانی باوکی بکات و لە نزیکەوە ببینێت." 
باوکی دەمیرتاش جەڵتە لێیداوە و ئێستا لە بەشی چاودێریی چڕدایە. ئەو پەرلەمانتارە گوتی، دەمیرتاش داوای کردووە چاوی بە باوکی بکەوێت کە تەندروستیی ناجێگیرە و دەسەڵاتیش داواکەی قبووڵ کردووە. 
سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە  لە 4ی تشرینی دووەمی 2016ـەوە لە گرتووخانەی ئەدیرنە زیندانیکراوە. 
دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا پێشتر لە رۆژی 18ی تشرینی یەکەمی 2018دا داوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەمیرتاشی کرد و داواکارییەکەشی چەند جارێک دووپاتکردووەتەوە، بەڵام تورکیا پابەندی بڕیارەکە نابێت.

زۆرترین خوێندراو