ئاستی ئاوی به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخان و دووكان به‌رزده‌بێته‌وه‌

28.11.2022
جەماوەر نیوز
بەڕێوەبەرانی بەنداوەکانی دووكان ‌و دەربەندیخان ئاماری نوێ‌ لەبارەی ‏بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوەكانیان ئاشكرا دەكەن و دەڵێن، لەم چەند رۆژەدا هەریەكەیان زیاتر لە ‏‏10 سانتیمەتر ئاستی ئاوەكەی زیادیكردووە.
ئه‌مڕۆ دوو شه‌ممه‌ 28ی تشرینی دووه‌می 2022 كۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دووكان ‏راگەیاند، بەهۆی بارانبارینی چەند رۆژی رابردووەوە ئاستی ئاوی ‏بەنداوی دووکان زیادیكردووە، "پێش ئەم بارانە رۆژانە دوو بۆ سێ سانتیمەتر ئاستی ئاوی بەنداوی دووكان كەمی دەكرد، بەڵام ئێستا 15 سانتیمەتر ‏بەرزبووەتەوە. ئەوەش جێگەی دڵخۆشییە."
هەر پەیوەست بەو بابەتە، سامان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەنداوی ‏دەربەندیخان راگەیاند، بارانبارینی چەند رۆژی رابردوو ‏کاریگەر بووە، بە جۆرێك دابەزینی ئاستی ئاوی بەنداوەكەی بۆ ‏بەرزبوونەوە گۆڕیوە ‌و گوتی، "پێشتر رۆژانە دوو بۆ سێ سانتیمەتر ئاوی بەنداوەكە ‏كەمی دەكرد، بەڵام ئێستا 11 سانتیمەتر زیاد كردووە."
لە سنووری قەزای دووكان، لە وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ 90 ملیمەتر باران باریوە، لە كاتێكدا ساڵی پێشوو تاوەكو ئەم كاتە 20 ملیمەتر باران باریبوو. ‏لە سنووری قەزای دەربەندیخانیش لە وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ ‏تاوەكو ئێستا 63.2 ملیمەتر باران باریوە‌ و ساڵی پێشووش تاوەكو ئەم كاتە ‏‏54.4 ملیمەتر باران باریبوو.‏

زۆرترین خوێندراو