واده‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان دیاریكرا

26.03.2023
جەماوەر نیوز
دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی رۆژی 18-11-2023ـی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دیاریکرد. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان داوا لە پەرلەمان و سەرجەم فراکسیۆنەکان دەکات، هەنگاوی کردەییان بۆ متمانەبەخشین و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن هەبێت.
 یەکشەممە 26-03-2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، فەرمانی هەرێمیی ژمارە 90ـی ساڵی 2023ـی خوێندەوە کە لەبارەی دیاریکردنی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بوو.
دڵشاد شەهاب بە میدیاکانی راگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەپێی یاسای ژمارە یەکی ساڵی 2005ـی هەمووارکراو کە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە، رۆژی 18-11-2023ـی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاریکردووە.

دەقی فەرمانی هەرێمیی 90ـی ساڵی 2023:

پاڵپشت بە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ژمارە 1ـی ساڵی 2005ـی هەمووارکراو بڕیارماندا بە:
یەکەم: دیاریکردنی رۆژی 18ـی 11ـی 2023 وەکو رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان.
دووەم: گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان پابەند دەبن بە ئەنجامدانی کاری پێویست بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بۆ جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە.
سێیەم: ئەم فەرمانە لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت.
دڵشاد شەهاب وتی، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان داوا لە پەرلەمان و سەرجەم فراکسیۆنەکان دەکات کە هەنگاوی کردەییان بۆ متمانەبەخشین و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن هەبێت، بۆ ئەوەی لە کاتی یاسایی خۆیدا دەست بە کارەکانی بکات.
وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، سەرۆکایەتی هەرێم داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکات، کە بەرژەوەندیی باڵای هەرێمی کوردستان و مافی یاسایی و دەستووریی خەڵکی کوردستان لەبەرچاوبگرن و بخرێتە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانی دیکە.
دڵشاد شەهاب لەوبارەوە دەڵێت، دەبێ ئەو گرفتانەی لەبەردەم هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆندان لابدرێن و بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان لەسەرووی ئەمانەوە بێت.


گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، داوای لە نوێنەرایەتیی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد، وەکو رابردوو هاوکار و پشتیوانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بن، بۆ ئەوەی ئەم پڕۆسەیە بە سەرکەوتوویی لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت.

زۆرترین خوێندراو