وه‌زیرێكی هه‌رێم: هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم بۆ توركیا ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌

27.08.2023
جەماوەر نیوز

بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 24ـی ئابی 2023، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گەیشتە هەولێر و لەگەڵ هەر یەکە لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆبووەوە.
لەبارەی لێکەوتەکانی سەردانەکەی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، ئایدن مەعروف،وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ڕایگه‌یاند "سەردانەکە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی هەولێر و ئەنقەرە زۆر گرنگ بوو و لەرووی ئابووری، بازرگانییەوە، سیاسی و دیپلۆماسییەوە کاریگەریی ئەرێنی دەبێت . ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا باشتر بکەین".
ئایدن مه‌عروف وتی کۆبوونەوەی نێوان مەسرور بارزانی و هاکان فیدان "ئەرێنی بوو و کاریگەری لەسەر دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە دەبێت".

دەشڵێت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو کاتێک پابەندبووە بە رێککەوتنە سیاسییەکانی لەگەڵ بەغدا؛ بۆیە پێویستە حکومەتی فیدراڵیش جیددی بێت لە چارەسەرکردنی کێشەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە، کە مافێکی یاسایی و دەستووریی هەرێمە".
هەر لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان، ئایدن مەعروف وتی: "گەشبینم دوای سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک دەستپێدەکاتەوە، چونکە ئەمە مافێکی دەستووریی و یاسایی خەڵکی هەرێمی کوردستانە".


زۆرترین خوێندراو