ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنى پارێزگاکانى تورکیا

01.04.2019
جەماوەر نیوز
رۆژى یه‌کشه‌ممه‌ 31ى ئادار هه‌ڵبژاردنى خۆجێیى له‌ 81 پارێزگاى تورکیا به‌ڕێوه‌چوو که‌ تێیدا 57 ملیۆن که‌س مافى ده‌نگدانیان هه‌بوو، له‌و ژماره‌یه‌ 1.2 ملیۆن که‌سیان بۆ یه‌که‌مجار بوو ده‌نگیان ده‌دا. له‌ 32 پارێزگاى تورکیا که‌ زۆربه‌ى پارێزگاکانى باکوورى کوردستانن ده‌نگدان له‌ کاژێر حه‌وتى به‌یانى ده‌ستى پێکرد و له‌ کاژێر چوارى پاشنیوه‌ڕۆ کۆتایى هات، له‌ 49 پارێزگاکه‌ى دیکه‌ش بنکه‌کانى ده‌نگدان له‌ کاژێر هه‌شت کرانه‌وه‌ و له‌ کاژێر چوارى پاشنیوه‌ڕۆ داخران.

هه‌ڵبژاردنه‌که‌ى رۆژى  31ى ئادار یه‌که‌م هه‌ڵبژاردنى خۆجێیى تورکیایه‌ له‌دواى گۆڕینى سیسته‌مى سیاسیى تورکیا له‌ په‌رله‌مانییه‌وه‌ بۆ سه‌رۆکایه‌تی. هه‌ڵبژاردنى خۆجێیى پێشووى تورکیا له‌ ساڵى 2014 به‌ڕێوه‌چوو که‌ تێیدا پارتى داد و گه‌شه‌پێدان (ئاکپارتی) 42٪ى ده‌نگه‌کان و 818 شاره‌وانى و 11 هه‌زار و 309 ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى شارى به‌ده‌ستهێنا. پارتى گه‌لانى دیموکرات له‌ هه‌ڵبژاردنى پێشووى شاره‌وانییه‌کاندا 6.29%ى ده‌نگه‌کان و 91 شاره‌وانى و 1401 ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى شارى به‌ده‌ستهێنابوو.

ئه‌مساڵ کاندیده‌کانى 12 پارت له‌ شار و شارۆچکه‌کانى تورکیا رکابه‌رییان کرد که‌ بریتى بوون له‌ پارتى گه‌لانى دیموکراتیک (هه‌ده‌په‌)، پارتى داد و گه‌شه‌پێدان (ئاکپارتی)، پارتى گه‌لى کۆمارى (جه‌هه‌په‌)، پارتى بزووتنه‌وه‌ى ناسیۆنالیستى (مه‌هه‌په‌)، پارتى چاک (ئى پارتی)، پارتى سه‌ربه‌خۆى تورکیا (به‌ته‌په‌)، پارتى یه‌کێتیى مه‌زن (به‌به‌په‌)، پارتى دیموکرات (ده‌په‌)، پارتى چه‌پى دیموکراتیک (ده‌سه‌په‌)، پارتى سه‌عاده‌ت، پارتى کۆمۆنیستى تورکیا (ته‌که‌په‌) و پارتى نیشتمانى (وه‌ته‌ن( . 

 ده‌نگدانى ئه‌مجاره‌ى تورکیا له‌کاتێکدا به‌ڕێوه‌چوو که‌ دۆخى ئابووریى تورکیا باشى نه‌ده‌گوت. رێژه‌ى هه‌ڵاوسان له‌ تورکیا 20٪ه‌ و به‌هاى لیره‌ش به‌ رێژه‌ى 30٪ دابه‌زیوه‌. هه‌ر ئه‌مه‌ش وایکرد ململانێى نێوان هاوپه‌یمانێتى جمهور و هاوپه‌یمانێتى میلله‌ت به‌هێز بێ. هاوپه‌یمانێتیى جمهور له‌ ئاکپارتى و (مه‌هه‌په‌) پێکهاتووه‌، هاوپه‌یمانێتیى میلله‌تیش له‌ (جه‌هه‌په‌) و (ئى پارتی) پێکهاتووه‌.

له‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌مساڵدا رێککه‌وتنى لایه‌نه‌کان یه‌کجار تۆخ بوو، مه‌هه‌په‌ هیچ کاندیدێکى سه‌رۆکشاره‌وانى بۆ 27 گه‌وره‌شاره‌وانى تورکیا دیارینه‌کردبوو، له‌ کاتێکدا ئاکپارتیش هیچ کاندیدێکى بۆ سه‌رۆکشاره‌وانى سێ گه‌وره‌ شاره‌وانیى ئه‌ده‌نه‌، مێرسین و مانیسا دانه‌نا. هه‌رچى جه‌هه‌په‌ و ئى پارتیشن له‌سه‌ر پشتیوانیکردنى یه‌کدى له‌ 22 گه‌وره‌ شاره‌وانى رێککه‌وتبوون. جه‌هه‌په‌ 12 کاندیدى دیاریکردبوو و له‌ 10 شاره‌که‌ى دیکه‌ش پشتگیرى له‌ کاندیده‌کانى ئى پارتى ده‌کرد. له‌ 51 پارێزگاکه‌ى دیکه‌ش رێککه‌وتنیان له‌سه‌ر 27 شاره‌وانى کردبوو.


زۆرترین خوێندراو